گەنجانی ئازاد: لە ئەوروپادا بەرانبەر پیلانەکانی میت و ئاکەپە هۆشیارین

کۆردیناسیۆنی گەنجانی ئازاد ئاماژەی بە چالاکییەکانی ئەوروپا بۆ پشتگیریی بەرخۆدانی سەردەم-ی عەفرین کرد و هۆشداریدا، کە لە بەرامبەر پیلانەکانی دەزگای میت و ئاکەپەدا هۆشیار بن.

ئەمڕۆ کۆردیناسیۆنی گەنجانی ئازاد ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی پیلانەکانی میت بۆ دژاتیەتیکردنی چالاکییەکانی ئەوروپا بۆ پشتگیریکردنی عەفرین بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەو چالاکییانەی تا ئێستا بە پێشەنگایەتی گەنجانی ئازاد و ژنانی گەنجی ئازاد بەڕێوەچوون لە سەر بنەمای دیموکراسی ڕێکخراون، ئەو چالاکییانە کاریگەریی گرنگیان لە سەر ڕایگشتیی ئەوروپا هەبووە. چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن. گرنگ ئەوەیە گەنجانی کورد و ئینتەرناسیۆناڵ لە سەر بنەمای دیموکراسی بەردەوام بن لە هەستیارکردنەوەی ڕایگشتی ئەوروپادا، لەم نێوانەشدا پێوسیتە لە بەرامبەر پیلانگێڕی میت و ئاکەپەدا هۆشیاربن".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "حکومەتی ئەڵمانیا بە پێی سیاسەتە هاوبەشەکانی لەگەڵ حکومەتی تورکیای داگیرکەر هاوکاریی تورکیا دەکات، ئێمە بە ڕێکخستنی خۆمان وەڵامیان دەدەینەوە، پێویستە گەنجانی کورد بە شێوەیەکی داهێنەرانە کاریگەری بخەنە سەر ڕایگشتیی ئەوروپا و و پێشە نگایەتی بەرخۆدان بکەن".

ر.م