گەنجانی سویسرا لە بەردەم وەزارەتى دەرەوەى حکومەتەکەیاندا بۆ عەفرین چالاکییان ئەنجامدا

لەبەردەم بینای وەزارەتی دەرەوەی سویسرادا، ژمارەیەک گەنج چالاکییان بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی سڤیلی عەفرین ئەنجامدا و لە دەسەڵاتدارانی وەڵاتەکەیان پرسی "ئیوە چی بۆ عەفرین دەکەن؟".

 

گەنجانی کۆمەڵەی ئانارشیست و ئەلتەرناتیڤ، لە بەردەم بیناى نووسینگەی مافی مرۆڤی و مافی نێودەوڵەتیى سەر بەوەزارەتی دەرەوەی سویسرا، لە چالاکیەکدا ھێرش و کۆمەڵکوژیى سوپای تورکیای داگیرکەر و ئەو دەوڵەتانەیان ئیدانەکرد، کە بێدەنگن لە ئاست کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتیانى عەفریندا.

"ئەگەر بە ئەرکی خۆتان ھەڵناسن، ئیرە دابخەن"

ئەو گەنجانە لەسەر پۆستەرێک دروشمیکی گەورەیان بە ناوى "ئەگەر ئێوە بە ئەرکەکانى خۆتان هەڵناسن، ئێرە دابخەن" نووسیبوو. گەنجە چالاکوانەکان ئەو پۆستەرەیان بە دەرگاى سەرەکیى ئەو بینایەدا هەڵواسی.

ئەو گەنجانە بۆ ئەوەى سەرنجڕاکێشنە سەر هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین، ژمارەیەک بڵاوکراوە و ڕاگەیاندراویان هاوێشتە ناو بیناکە.

گەنجان بۆ ماوەیەک دروشمى "بژى بەرخۆدانى عەفرین"یان بەرزکردەوە و بە دەنگى بەرز دروشمەکەیان دەوتەوە و دواتر شوێنى چالاکییەکەیان چۆڵکرد.

"ئەردۆغان بکوژن!"

گەنجانی سویسرا بە درێژایى ئەو ڕۆژە لە چالاکیدا بوون. لە درێژەى چالاکییەکانیاندا دروشمەکانى "عەفرین بپارێزین"، "ئەردۆغان بکوژن" و "بکوژ ئەردۆغان"-یان لەسەر شەقامەکان و هەروەها دیوارى وێستگەکانى میترۆ و شەمەندەفەری شارى بێرن نوسی.

"بۆ عەفرین ڕاپەڕن"

ئەو گەنجە چالاکوانانە لە وێبسایتەکەیاندا ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە. باسیان لە چالاکییەکەى خۆیانکردووە. باسى ئەوەشیانکردووە کە چالاکیى تریش بۆ عەفرین ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەش داوایان لە هەموان کردووە، کە لە پێناو عەفریندا ڕاپەڕن.

ر.م