یه‌په‌گه‌ ناسنامه‌ی شه‌ڕڤانێكی شه‌هیدی خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكای ئاشكرا كرد

یه‌په‌گه‌ ناسنامه‌ی شه‌ڕڤانێكی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرا كرد كه‌ دوای ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ به‌رخۆدان و تێكۆشان له‌ شۆڕشی ڕۆژئاوادا، شه‌هید بووه‌.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل - یه‌په‌گه‌ ده‌رباره‌ی شه‌هیدبوونی شه‌ڕڤانی ئینته‌رناسیۆنالیست جه‌یك كلیپسچ (ده‌لیل ئه‌مه‌ریكا) كه‌ بۆ به‌شداری كردن له‌ شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕووی له‌ ڕۆژئاوا كردووه‌ و له‌ زۆربه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ كۆبانێ، منبج و ڕه‌قا دژی چه‌ته‌كانی داعش شه‌ڕی كردووه‌، ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

«شۆڕشی ڕۆژئاوا، شۆڕشێكه‌ كه‌ نموونه‌كانی هاوشێوه‌ی له‌ مێژوودا كه‌من كه‌ بۆ پاراستنی به‌هامرۆڤایه‌تییه‌كان به‌ ڕه‌نج و هێزی خۆی پێشكه‌وتووه‌. شۆڕشی ڕۆژئاوا، شۆڕشێكه‌ هه‌بوونی دیموكراتی، ئه‌خلاقی و سیاسی له‌خۆ ده‌گرێت.»

یه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند: له‌ دوای به‌رخۆدانی كۆبانێ كه‌ بووه‌ته‌ میراتی مرۆڤایه‌تی، شۆڕشگێڕانی ئینته‌رناسیۆنالیست ڕوویان له‌ ڕۆژئاوا كردووه‌ و له‌ دژی چه‌ته‌كانی داعش كه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی بوونه‌ته‌ به‌ڵا، جێگه‌ی خۆیان له‌ سه‌نگه‌ره‌كاندا گرتووه‌. 

«یه‌كێك له‌و‌ شه‌ڕڤانه‌ئینته‌رناسیۆنالیسته‌كان جه‌یك كلیپسچ ناسراو به‌ ده‌لیل ئه‌مه‌ریكا-یه‌ كه‌ له‌ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌دایكبووه‌. هه‌ڤاڵ ده‌لیل له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٦ هاته‌ ڕۆژئاوا و ٢ مانگ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڤاڵه‌ئینته‌رناسیۆنالیسته‌كانی دیكه‌، په‌روه‌رده‌ی شه‌ڕ، ئایدیۆلۆژی و تیۆری له‌ دژی داعش و چه‌ته‌كان بینی. هه‌ڤاڵ ده‌لیل دوای ئه‌وه‌ی له‌ په‌روه‌رده‌ ته‌واو بوو، بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ هه‌ڵمه‌تی شه‌داد و دواتریش له‌ هه‌ڵمه‌تی منبج له‌ دژی چه‌ته‌كانی داعش به‌شداری شه‌ڕ بوو. هه‌تا منبج ئازاد كرا، هه‌ڤاڵمان ده‌لیل هه‌موو به‌رپرسیاره‌تییه‌كانی خۆی بێ كێماسی جێبه‌جێ كرد. هه‌ره‌دوایی له‌ ناوه‌ندی ڕه‌قا به‌شداری هه‌ڵمه‌تی ئازادی بوو.»

له‌ درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا یه‌په‌گه‌ ڕاشیگه‌یاندووه‌، هه‌ڤاڵ ده‌لیل له‌ لایه‌ن هه‌ڤاڵه‌كانییه‌وه‌ وه‌ك نموونه‌ سه‌یر ده‌كرا و خۆشیان ده‌ویست. 

«له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوكه‌وته‌ دڵنزم و فیداكارییه‌كه‌ی، به‌ كه‌سێكی ڕه‌نجده‌ر ناسرابوو. خاوه‌نی كردارێك بوو كه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ وه‌ریگرتبوو. كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی هه‌ڤاڵ ده‌لیل له‌ مه‌یدانی جه‌نگدا ده‌رده‌كه‌وت.»

یه‌په‌گه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و شه‌ڕڤانه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ به‌ ڕووداوێك له‌ كاتێكدا شه‌هید بووه‌ كه‌ چه‌كی خۆی پاك كردووه‌ته‌وه‌.

«هه‌رچه‌نده‌ شه‌هیدبوونی هه‌ڤاڵ ده‌لیل له‌ ئه‌نجامی ڕووداوێكی بێ شانسیشدا بووبێت، ئێمه‌ی زۆر ئێشاند. تێكۆشان و ژیانی ئه‌و، له‌ شۆڕشدا ڕێبه‌رایه‌تیی ئێمه‌ ده‌كات. ئامانج و تێكۆشانی ئه‌و ده‌بێته‌ ئامانجی تێكۆشانی ئێمه‌. له‌ به‌رانبه‌ر دره‌نگ ڕاگه‌یاندنی شه‌هیدبوونی هه‌ڤاڵ ده‌لیل، داوای لێبووردن له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی و گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین: سه‌ری بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ و گه‌له‌كه‌مان ساخ بێت.» 

ناسنامه‌ی شه‌هید وه‌هایه‌:

ناسناو: ده‌لیل ئه‌مه‌ریكا

ناو و پاشناو: جه‌یك كلیپسچ

ناوی دایك: لیلیان

ناوی باوك: دانا

شوێن و كاتی له‌دایكبوون: ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا

شوێن و كاتی شه‌هیدبوون: عه‌ین عیسا - ٥ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٨

s.m