یەکێتیی ئەوروپا دەیان هەزار تۆن دەرمانی خراپ و زیانبەخشی بە وڵاتانی تر فرۆشتووە

دەیان هەزار تۆن دەرمانی کشتوکاڵ بە هۆی کاریگەرییان لە دروستکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە لە یەکێتیی ئەوروپا بووەتە جێگای مشتومڕ. ئەو دەرمانانە بۆ وڵاتانی تر نێردراون و بەو شێوەیە ژیانی سەدان ملیۆن کەس لە جیهاندا دەکەوێتە مەترسییەوە.

بەهۆی لێکۆڵینەوەى رێکخراوێکی مەدەنی لە سویسرا بە ناوی پۆبلیک ئای (Pûblîc Eye) وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەیان هەزار تۆن دەرمانی کشتوکاڵی، کە بەهۆی قەدەغەکردنیان نابێت بەکار بهێنرێن، هەموو ساڵێک بۆ وڵاتانی تر هەناردە دەکەن و پێیان دەفرۆشن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکە، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٨١ هەزار و ٦١٥ تۆن دەرمانی جڕ و جانەوەر، نەخۆشی و ئافاتی کشتوکاڵی و دەرمانی بژار بە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان فرۆشراون. لە ناو ئەو دەرمانە فرۆشراوانەدا، ٤١ تۆن دەرمانی جۆراجۆری کشتوکاڵی هەیە، کە بەهۆی کاریگەریی خراپیان لەسەر دروستکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە و کاریگەرییە خراپەکانی تریان، لە سەرتاسەری یەکێتیی ئەوروپادا بەکارهێنانیان قەدەغەیە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکەى پوبلیک ئای سەدا ٩٠ی دەرمانە کشتوکاڵییەکان لەلایەن بەریتانیا، ئیتالیا، هۆڵندا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیکا و ئیسپانیاوە بە ٨٥ وڵات فرۆشراون. زۆربەی دەرمانە قەدەغەکراوەکانیش بە ئەمریکا، بەڕازیلیا، ژاپۆن، ئۆکرانیا، مەکسیک و کۆماری باشووری ئەفریقا فرۆشراون.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دەرمانانە بە زۆرێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و زۆرێک لە وڵاتانی تری ئاسیاش فرۆشراون.

ئەو دەرمانانە، کە دەبنە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە بەهۆی زیانیان بۆ سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە و ئیکۆ سیستم، بەکارهێنانیان لە ئەوروپا قەدەغە کراون.

ژ.ت