گەریلا هەبێت یان نا، هێرش بۆ سەر مەخموور بەردەوامە!

دەوڵەتی تورک کاتێک هێرشی دەکردە سەر مەخموور، هەبوونی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستاری دەکردە بیانوو. بەڵام وەک بینرا، هۆکاری هێرشەکان هەبوونی گەریلا نییە. پاش کشانەوەی گەریلا، هێشتا ساڵێک تێپەڕنەبووە، دیسانەوە هێرش دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل.

ئەگەر گەل بەرامبەر ئەم هێرشانە بەردەوام بێت لە بەرخۆدان و ژیانی وڵاتپارێزانەی خۆی، دەتوانێت هێرشەکان بشکێنێت. چونکە ئەوەی لە ژێر چنگی قڕکردندایە، گەلە. بیانووەکانی تر، خۆ فریودانن. دەوڵەتی تورک هەرگیز ڕاستییەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکردووە، هەمیشە ئامانج و نیازەکانی شاردۆتەوە. بۆیە پێویستە مرۆڤ ڕاستیەکان ببینێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرامبەر ئەم هێرشانە خۆی بپارێزێت!

ئەرێ سەرچاوەی ئەم دوژمنایەتییە چییە؟ وەڵامی ئەمە، ڕەنگە قووڵ و درێژ بێت، بەڵام سەرچاوەی سەرەکی بەرگەنەگرتنە. واتە ئەگەر لە شوێنێکدا بەوپەڕی دوژمنایەتییەوە مامەڵەتان لەگەڵدا کرا، ئەوە بزانن لەوێ بەرگەنەگرتنێکی جدی بەرامبەر ئێوە هەیە. واتە ئەگەر بەبێ هۆ و بەبێ تاوان ئەم بەرگەنەگرتنە بەرامبەرت بەردەوام بێت، ئەوا مرۆڤ تێدەگات کە کێشەکە لای ئێوە نییە، بەڵکو کێشە لای بەرامبەرەکەتانە. واتە کێشەکە لەو لایەنەیە کە دوژمنایەتی ئێوە دەکات. بۆیە ​​دەتوانین "دوژمنایەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر گەلی کورد" وەک نموونە نیشان بدەین. واتە بێ هۆکار و بێ ئەوەی هیچ ماف و ڕەوایەتییەکت هەبێت، بچیتە ناو گوندێکەوە و فشار و ستەم لە گەلی ئەوێ بکەی! ئەمە مەزنترین بەرگەنەگرتنە. بێگومان وەک پێشتر زانراوە ئەم فشار و هێرش و ئەشکەنجە و سیاسەتە قێزەونانەی دەوڵەتی تورک نەک هەر لە گوندەکان، بەڵکو لە هەموو شوێنێک بوونی هەبووە. تەنانەت لە نموونەکانی ئەم دواییەشەوە کە لە تیڤی و ئاژانس و هەواڵ و دیجیتاڵ میدیادا دەبینرێت، ئەوە دەردەخات کە دەوڵەتی تورک بەرگەی گۆرانی و هەڵپەڕکێ و زمانی کوردیش ناگرێت. بە واتایەکی تر، جگە لە هێرشی جەستەیی، هێرشی کولتووری و ڕۆحیش بۆ سەر گەل ئەنجام دەدرێت.

دژی ئەم تاوانانەی دەوڵەتی تورک، گەلی کورد هەردەم ناچار بە کۆچکردن بوون. واتە، هەمیشە گوندەکانیان خاپوورکراوە و سووتێنراوە و هتد. سەرەڕای کۆچکردنیش، هێشتا بەرگەنەگرتنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە. ڕوونترین نموونەش، کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور)ـە. ئەو گەلەی لەبەر دوژمنایەتی و ستەم و فشار و ئەشکەنجە و هێرشی دەوڵەتێکی فاشیست، دەستی لە زێد و گوندی خۆی هەڵگرتووە و هاتووەتە مەخموور، هێشتاش ڕووبەڕووی دوژمنایەتی یان بەرگەنەگرتنی دەوڵەتی فاشیست دەبێتەوە. ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە داگیرکاری تەنیا پەیوەندی بە خاک و زێدەوە نییە، بەڵکو داگیرکاری پەیوەندی بە قڕکردنی کەلتوورییەوە هەیە. ڕەنگە خەڵکی مەخموور شوێنی خۆیان جێهێشتبێت، بەڵام هێشتا بە کەلتووری خۆیان دەژین و دەیپارێزن. دەوڵەتی تورک بە کۆچ دڵی ئاو ناخواتەوە، دەیەوێت ڕاستی گەل ڕیشەکێش بکات. چونکە نەیتوانی لە ڕووی جەستەییەوە بە تەواوی لەناوی ببات، دەیەوێت لە ڕووی کەلتوورییەوە قڕی بکات و هەڵیبوەشێنێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​تا ئێستاش درێژە بە هێرشە کەلتووری و جەستەییەکانی دەدات. واتە ئەگەر کورد بچێتە سەر مانگیش، دەوڵەتی تورک درێژە بە هێرشەکانی دەدات. چونکە دەوڵەتی تورک بوونی خۆی لەسەر لەناوچوونی گەلی کورد بنیات ناوە و لەبەردەم پرسی مان و نەمان دایە، دەیەوێت کوردان ڕیشەکێش بکات.

دەوڵەتی فاشیستی تورک ساڵی ٢٠١٤ بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان و خاکی عێراق، داعشی ڕەوانە کرد بۆ مەخموور. بەڵام لەگەڵ هاتنی گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار، تێکۆشانێکی ناوازە دژی چەتە دڕندەکان ئەنجامدرا. ئەگەر بەرخۆدانی گەریلا و گەلی کەمپەکەدا نەبوایە، کێ دەزانێت، ڕەنگە زۆرێک لە شارەکانی باشووری کوردستان وەک هەولێر، کەرکوک، دهۆک و هتد، بکەوتنایەتە بندەستی چەتە دڕندەکان، ئەمەش کوشتنی ڕۆژانەی خەڵکی سڤیلی لێ دەکەوتەوە! بەرخۆدانی گەریلا و گەلی کەمپەکە ئەمەی ڕاگرت.لەکاتی ڕزگارکردنی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی و دوای ئەوەش گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بەرامبەر چەندین هێرش کەمپەکەیان پاراست، واتە سەلامەتییەکی ناوازەیان فەراهەم کرد. بەڵام دەوڵەتی فاشیستی تورک وەک چۆن لە گوند و شارەکانی باکووری کوردستان بەرگەی دەسکەوتی کوردان یان بەرگەی کوردایەتی نەگرت، ئەمجارە بێجگە لە شەڕی تایبەتی سەر کەمپەکە، هێرشی ئاسمانیشی دەست پێ کرد. گەریلا لە دەوروبەری کەمپەکە مایەوە و نەچووە نێو کەمپەکە، واتە تەنها ئاسایشی کەمپەکە و دانیشتووانی دەپاراست. واتە وەک ڕێکارێک، تاوەکو هێرشێکی هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٤ لەسەر کەمپەکە ڕوونەداتەوە، هەوڵی دەدا دەوروبەری کەمپەکە بپارێزێت. بەڵام دەوڵەتی تورک، بەهۆی دوژمنایەتییەکەیەوە بەرامبەر کورد، چەندین جار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەمپەکە ئەنجامدا. وە هەمیشە هەبوونی گەریلای دەکردە بیانوو. تا ئێستا لە هەموو هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر کەمپەکە، گەل زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. زۆرێک لە خەڵکی سڤیل کوژراون یان بریندار بوون. هەموو ئەمانە لە ئەرشیفدا هەن، هەرکەس بیەوێت دەتوانێت لە ئەرشیفی ئاژانس و تەلەفزیۆن و ناوەندە کوردییەکاندا بیاندۆزێتەوە.

لە ١١ ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی نەپەگە، موراد قەرەیلان ڕایگەیاند هێزەکانی گەریلای هەپەگە و یەژاستار لە کەمپی مەخموور دەکشێننەوە و گوتی: "ئێمە ئەرکی پاراستنی کەمپەکە ڕادەستی گەنجانی کەمپەکە دەکەین". دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشەکانی بۆ سەر کەمپەکە بەردەوام کرد، هەبوونی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستاری دەکردە بیانوو، تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەسەر گەلدا دەسەپاند. بەڵام دەرکەوت هۆکاری هێرشەکان هەبوونی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار نییە. پاش کشانەوەی گەریلا لە کەمپەکە، هێشتا ساڵێک تێپەڕ نەبووە، دیسانەوە هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی سڤیل! لەم هێرشەدا ٣ دایک برینداربوون و ڕەوشی یەکێکیان سەخت بوو! چەندین نموونەی وەها هەن کە دوژمنایەتی دەوڵەتی فاشیستی تورک بەرامبەر کورد پیشان دەدەن. هێرشی دوایی بۆ سەر کەمپەکە، دیسانەوە ئەم دوژمنایەتی و بەرگەنەگرتنەی باسمان کرد، نیشان دەدات.

هەڵوێستی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر ئەم هێرشانە، بێدەنگییە. چونکە عێراق و دەوڵەتی تورک لەسەر پرسی کورد ڕێککەوتوون. دەوڵەتی تورک لە هەڵوێستی عێراقەوە پشتگیری بۆ هێرشەکانی بەدەست دەهێنێت. چونکە دەڵێت عێراق بێدەنگە، ئێمە ڕێککەوتووین و دەتوانم گەل لە ڕاستییەکان دوور بخەمەوە. یان دەتوانم هەموو شتێک بە ئاسانی بکەم. لەم ڕەوشەی ئێستادا هەڵوێستی عێراق گرنگە، بەڵام یەکلاکەرەوە نییە. یەکلاییکەرەوە ڕاستی و هەڵوێستی گەلی کەمپەکەیە. ئەگەر گەل بەرامبەر ئەم هێرشانە بەردەوام بێت لە بەرخۆدان و ژیانی وڵاتپارێزانەی خۆی، دەتوانێت هێرشەکان بشکێنێت. چونکە ئەوەی لە ژێر چنگی قڕکردندایە، گەلە. بیانووەکانی تر، خۆ فریودانن. دەوڵەتی تورک هەرگیز ڕاستییەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکردووە، هەمیشە ئامانج و نیازەکانی شاردۆتەوە. بۆیە پێویستە مرۆڤ ڕاستیەکان ببینێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرامبەر ئەم هێرشانە خۆی بپارێزێت!