بە دیمەن

لە مەراسیمێکدا لە کەرکوک، کتێبی 'عێراق، وڵاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان' ناسێندرا

لە شاری کەرکوک، لە مەراسیم و کۆڕێکی ئەدەبی و فیکرییدا لەلایەن هەردوو نووسەری بواری جینۆساید و ئەنفال، لەتیف فاتیح فەرەج و سالار مەحمود خوێندنەوە بۆ کتێبی 'عێراق، وڵاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان' کرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیری، ئەدیب و نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید و ئەنفال، یەكێتیی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركوک کۆرێکی  ڕێکخست بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەرتوکی "عێراق، وڵاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان"، لەلایەن هەریەک لە نووسەری بواری جینۆساید لەتیف فاتیح فەرەج و سالار مەحمود کە هەردووکیان بەشداریانکردوە لە نوسینی پەرتوکەکە، خوێندنەوە و ناساندنیان بۆ پەرتوکەکە کرد.

لەتیف فاتح فەرج کە بەشێکی پەرتوکەکەی نوسیوە لە ژێر ناو نیشانی "گۆرە بە کۆمەڵەکان و قەربووکردنەوە" لە کۆڕەکەدا دەربارەرەی نووسەرانی پەرتوکەکە وتی: "کۆمەڵێک نووسەری بواری جینۆساید بە شداریان لەو پەرتوکە کردووە کە لە دوای ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا لە بواری جێنۆساید و ئەنفال لێکۆڵینەوە دەکەن و دەنووسن".

ئەو نووسەرە گوتیشی: "زیاتر لە دە ساڵە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کورد لەلایەن حکومەتی عێراق  پشتگوێ دەخرێن، پشکنینی DNA  بۆ ناکرێت، وەک مرۆڤیک ڕێزیان لێناگیریت، کەمترخەمن لە ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤەکان و قوربانیەکان، ئێمە وەک نووسەران پێمان وایە قوربانیەکانمان کە زیندە بەچاڵکراون ناگەڕێندرێنەوە بۆیە ئێمە هەوڵماندا لەو پەرتووکە ڕێز لە قوربانیەکان بگرین و باسی ئەو قوربانیانە بکەین".

جێگای ئاماژەیە، کتێبی "عێراق وڵاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان" بەرهەمێكی هاوبەشی هەشت نووسەری بواری جینۆسایدە، هاوكات لە مەراسیمەكەدا، لەلایەن هەردوو نووسەر لەتیف فاتیح فەرەج و سالار مەحمود خوێندنەوە و ناساندن بۆ کتێبەکە کرا و پاشان بەسەر ئامادەبووانی مەڕاسیمەکە دابەش کرا.

سالار مەحمود یەکێکی دیكەی لە نووسەرانی پەرتوکەکە بە بەشێک لە ژێر ناونیشانی "بەرپرسیارێتی یاسایی بەرامبەر بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق" بەشداری کردووە لە نوسینی پەرتووکەکە، لە کۆڕەکە قسەیکرد و تیشکی خستەسەر کەموکوڕی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی لە پرسی جینۆسایدی پرسی کورد.

 سالار مەحمود گوتیشی: "هەوڵ دەدرێت کەیسی جینۆسایدی پرسی کورد بشاردێتەوە و لە بیربکرێت بەڵام ئێمە وەک نووسەرانی بواری جینۆساید دەست لەو بوارە هەڵناگرین و ماندوو نابین و بەردەوام دەبین تاکو جینۆسایدی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی دەناسێنین".

پەرتووکی "عێراق وڵاتی گۆرە بەکۆمەڵەکان" بەرهەمی هەر یەک لە نووسەرانی بواری جێنۆساید و ئەنفال، عارف قوربانی، عەلی مەحمود محمەمەد، سالار لەمەحمود، د. محمەد ئیحسان، لەتیف فاتیح فەرج، هێمن حەسیب، محەمد حەمە ساڵح و هابیل حاجی ئەحمەدە، کە هەریەک لەو نووسەرانە بە بەشێک بەشداریان لە پەرتوکەکەدا کردووە، جاری یەکەم لە ساڵی ٢٠٢٢ چاپکراوە بۆ جاری دوومیش لە ساڵی ٢٠٢٥ چاپکراوە.