لۆرا کاستێل: لە گواتیمالاش سیستمێکی گۆشەگیری لەم جۆرە نەبینراوە

لۆرا کاستێل فۆرت، دەستنیشانی کرد کە گۆشەگیری ئیمراڵی لە جیهاندا هاوشێوەی نییە و وتی، "بەڕێز ئۆجالان رووبەڕووی ئەشکەنجەی دژوار بووەتەوە. لە گواتیمالاش سیستمێکی گۆشەگیری بەم جۆرە نەبینرا. ناکرێت بەرامبەر بەوە بێدەنگ بین".

  رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی لە ناو هەلومەرجی دژواری گۆشەگیریدایە و ٤٠ مانگە هیچ هەواڵێکی نازانرێت. دەوڵەتی تورک کە لە ئیمراڵی رژێمێکی گۆشەگیری تایبەتی دامەزراندووە، هەم یاساکانی خۆی و هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان بە نەبوو دادەنێت و یاسای دوژمنکارانە بەرامبەر بە ئۆجالان دەسەپێنێت و مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران زەوت دەکات.

کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی) لەبەرامبەر پێشێلکارییە نایاساییەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بەردەوامە لە بێدەنگی و بەم جۆرە هاوبەش و یارمەتیدەرە لە بەردەوامی گۆشەگیریدا.

لە دژی ئەو پێشێلکردنەی یاسا چەندین لایەنی مەدەنی لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا کۆبوونەوە و لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد'یان دەستپێکرد. ئەو لایەنە مەدەنی و کۆمەڵایەتیانە بۆ شکاندنی گۆشەگیری چڕ بەردەوامن لە خەباتی یاسایی و دیپلۆماتیک.

یەک لەو ناوەندانەی گۆشەگیری ئیمراڵی تیایدا بووە رۆژەڤ، ناوەندی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو. بزوتنەوەی دۆستایەتی گەلان لە دژی نەژادپەرستی (مراپ) کە لە چوارچێوەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کار دەکات، لە میانی دانیشتنی ٥٦ەمینی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە ١٨ی حوزەیران دەستیپێکرد و لە ١٢ تەمووز کۆتاییدێت، لە کۆنفڕانسێکدا کە سازیکرد، سەرنجی بۆ سەر هەلومەرجی گۆشەگیری لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان نیشاندا.

'عەبدوڵا ئۆجالان بەرەوڕووی ئەشکەنجەی دژوار بووەتەوە'

یەک لەو کەسانەی لە کۆنفڕانسەکەدا وتەی پێشکەش کرد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیسپانیا سیناتۆری کاتالان و ئەندامی ئەنجومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا لۆرا کاستێل فۆرت، سەبارەت بە گۆشەگیری لە ئیمراڵی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

لۆرا کاستێل فۆرت ئەوەی خستەڕوو کە هەلومەرجی گۆشەگیری کە عەبدووڵا ئۆجالان تیایدا راگیراوە هیچ پەیوەندییەکی بە یاسا و لایەنی مرۆڤییەوە نییە و وتی، "بە بڕوای من لە ئیمراڵی رژێمێکی گۆشەگیری دروستکراوە و حکومەت لە تورکیاش رژێمێکی گۆشەگیری بونیادناوە. لە کارو چالاکییەکانی پێشووماندا بە شێوەیەکی روون بینیمان کە بەڕێز ئۆجالان رووبەڕووی ئەشکەنجەی دژوار بووەتەوە".

'لە گواتیمالاش نمونەی هاوشێوەی ئەمە بوونی نییە'

سیناتۆر لۆرا کاستێل فۆرت دەستنیشانی کرد کە نمونەی گۆشەگیری لە ئیمراڵی لە جیهاندا بوونی نییە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٠ لە گواتیمالاش سیستمێک و رژێمێکی بەم جۆرەی گۆشەگیری نەبینراوە. لەو سەردەمانەشدا بەردەوام دەتوانرا پەیوەندی بە زیندانیانەوە بکرێت. بەڵام هیچ هەواڵێک لە بەڕێز ئۆجالان بەردەست نییە و لە دۆخێکی گۆشەگیری چڕدایە. ئەوە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و ناکرێت بەرامبەری بێدەنگ بین".

'لەبەرامبەر گۆشەگیری بێدەنگبوون بە واتای پەسەندکردنیەتی'

لۆرا کاستێل فۆرت رەخنەی لە بێدەنگی بەرپرسانی نێونەتەوەیی لە بەرامبەر پێشێلکارییەکان لە ئیمراڵی گرت و وتی، "بێدەنگی لە بەرامبەر پێسێلکارییەکانی لەم جۆرەی مافەکانی مرۆڤ، لە راستیدا بە واتای بەرگرییە لە ئەنجامدەرانی ئەم ئەشکەنجەیە. رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەک ئەنجومەنی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان کە دەڵێن ئەوان لە دژی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەوەستنەوە، بەرامبەر بابەتی عەبدوڵا ئۆجالان هێشتاش بێدەنگن ئەوە دەبڵ ستاندەری و دوو فاقی ئەو رێکخراو و دەوڵەتانە بە شێوەیەکی روون نیشان دەدات".

هـ. ب