بانگەوازێک لە کەجەکەوە: بەرخودانی هەمەلایەنە لە دژی داگیرکەری گەورە بکەن

کەجەکە رایگەیاند کە پشتگیری ئاشکرای پەدەکە لە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و بەشداری حکومەتی عێراق لە رێککەوتنەکان دۆخێکی جددی و مەترسیدارە و داوای لە هەمووان کرد کە لە دژی داگیرکەری، خیانەت و قڕکردن پەرە بە بەرخودانی هەمەلایەنە بدەن.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشوری کوردستان کە زیادیان کردووە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە:

"هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان زیادیان کردووە. بۆ ئەو مەبەستە کاروانی سەربازی گەورە بەرەو باشووری کوردستان دەنێرن. پەدەکە رێگەی فەرمی بۆ سوپای تورکی داگیرکەر کردووەتەوە، کۆنتڕۆڵی ئەو شوێنانەی کە سوپای تورکی داگیرکەری تێدایە بە تەواوەتی رادەستی سوپای تورک کردووە. بە جۆرێکی لێهاتووە کە سوپای تورکی داگیرکەر لەو شوێنانەی تیایاندایە خاڵی پشکنینی داناوە. ئەوەش دەریدەخات کە هەرکە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەرفراوان دەبێت، هەنگاو بە هەنگاو حکومەتی باشوری کوردستان دەخاتە ژێر دەستی خۆیەوە.

دۆخێکی نوێ و مەترسیدارە

جموجۆڵی سەربازی کە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیشیان لەناودابوو لە رێگە فەرمی و ئاشکراوە ئەنجام دەدرێن، کە ئەوەش دەریدەخات کە رێککەوتنێک هەیە. هێرشە داگیرکەرییەکان کە تائێستا ئەنجام دەدران بە پشتیوانی شاراوەی پەدەکە ئەنجام دەدران. دەوڵەتی تورکی بە پشتیوانی پەدەکە، سەرباری دژایەتی دەوڵەتی عێراقن هێرشی داگیرکەری دەکرد، بەڵام ئێستا بە رێگەپێدان و مۆڵەتی حکومەتی عێراق هێرش دەکات. پەدەکەش ئیتر بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانی لە داگیرکەری دەکات. ئەوە دۆخێکی نوێ و مەترسیدارە. ئێمە سەرنج بۆ سەر ئەو دۆخە مەترسیدارە رادەکێشین و لەهەمان کاتدا وشیاری دەدەین و داوای بەرپرسیارێتی لە گەلەکەمان و رای گشتیی دیموکراتیک دەکەین.

حکومەتی عێراق بەشدار بووە لە سیاسەتی قڕکردن و داگیرکەری

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر قڕکەر کە لە بەرامبەر بەرخودانی بزوتنەوە و گەلەکەمان بەزیوە و شکستی هێناوە، بۆ ئەوەی بتوانێت کوردان قڕبکات هەوڵ دەدات زیاتر هێزەکان لە کۆنسێپتی پاکتاو و قڕکرداندا تێوەبگلێنێت. یەک لەو هێزانەش دەوڵەتی عێراقە دەوڵەتی تورک کە بینی بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان پشتیوانی پەدەکە بەس نییە، هەوڵیدا دەوڵەتی عێراقیش بەرەو لای خۆی رابکێشێت. دەوڵەتی تورک بە تایبەتی لە پایز و زستانی ٢٠٢٣دا گورزی قورسی گەریلای بەرکەوت و دوای ئەو گورزە، لەو راستیە تێگەیشت. لەوکاتەوە کەوتە ناو هەوڵدانێک کە دەوڵەتی عێراق بەشداری لە کۆنسێپتی خۆی بۆ قڕکردن بکات. سەردەستەی فاشیستەکان تەیب ئەردۆغان مانگی نیسان بەو ئامانجەوە سەردانی عێراقی کرد، بە داخەوە حکومەتی عێراق نەیتوانی بە بەهێزی لەبەرامبەر گوشارەکانی دەوڵەتی تورکدا بوەستێتەوە و لە رێگەی رێککەوتنەوە بەشداری سیاسەتی داگیرکەری و قڕکاری بوو. بزوتنەوەکەمان لە عێراق وەک رێکخراوێکی قەدەغەکراو راگەیەندرا کە ئەو هەوڵانە، ئەم راستیە بە روونی دەخەنە بەرچاو. ئەگینا، بزوتنەوەیەک کە هەموو کات لەگەڵ دەوڵەت و گەلی عێراق لە پەیوەندییەکی دۆستانە و هاوپشتیدا بێت، بۆچی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک رێکخراوێکی قەدەغە دەبینرێت؟ ئەمە بە چ شێوەیەک شرۆڤە دەکرێت؟ حکومەتی عێراق پەیوەندی ئابوری و هتد، هەندێک پاساو دەخاتەڕوو و بانگەشە دەکات کە ئەو رێککەوتنە لەبەر ئەو ئامانجانە نین، بەڵام ئەو وتە و مامەڵەکردنەی حکومەتی عێراق راست و راستەقینە نین. ئێمە ئەوەمان لە کاتی خۆیدا خستەڕوو، ئێمە رامانگەیاند کە بە بەشداری کردنی حکومەتی عێراق دەیانەوێت قۆناغێکی مەترسیدار دەستپێبکەن و هۆشداریمان بە هەموو هێز و لایەنە پەیوەندیدارەکان دابوو. دەبینین کە ئەوە ئێستا هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت. هێرشە داگیرکەرییە نوێکان بۆ سەر باشوری کوردستان ئەوە دەخەنەڕوو کە لە سەر بنەمای کۆنسێپتی قڕکردن لە دژی گەلەکەمان، رێککەوتن ئەنجامدراوە.

دەبێت عێراق ئەو مەترسیە بە هەند وەربگرێت

ئێمە دەزانین هەموو کەس لە عێراق لەگەڵ پەیماننامە و رێککەوتنی چەپەڵ لەگەڵ دەوڵەتی تورک هاوڕا نین. زۆر هێزی دیموکراتیک و وڵاتپاڕێزی عێراقی دەبینن کە پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی عێران نین و ئەو پەیوەندیانە قەبوڵ ناکەن. بە داخەوە بە دەستی حکومەتی ئێستای عێراق دەوڵەتی عێراق لە کۆنسێپتی دژ بە گەل و بزوتنەوەکەمان تێوەدەگلێندرێت و لەبەرامبەر ئەوەش هەڵوێستێکی بەهێز نیشان نادرێت. ئەمە کەموکورتیەکی گەورەیە بۆ حکومەتی عێراق، لە هەمان کاتدا مەترسیەکی جددیە. هەربۆیە بۆ کۆتاییهێنان بەو پەیوەندیانە کە هیج سودێکیان بۆ عێراق نییە، دەبێت هەڵوێستی سیاسی بەهێز نیشان بدرێت. ئەو پەیوەندیانەی حکومەتی عێراق لەگەڵ دەوڵەتی تورکی سازکردووە، بە دڵنیاییەوە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی گەل و دەوڵەتی عێراق نییە. زیادبوونی هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر باشوری کوردستان ئاماژەی ئەوەیە. گرنگە عێراق هەموو ئەو راستیە ببینێت. بەتایبەتی رۆشنبیرانی عێراق دەبێت لەبەر ئەو مامەڵەکردنە بوەستنەوە، کە کەشی خوشک-برایەتی تێکدەدات و دەبێت کۆمەڵگەی عێراق لەو بابەتەدا وشیار بێت.

ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک داگیرکاری و نەژادپەرستییە

دەوڵەتی تورک هەڵگری ئامانجی داگیرکاری، نەژادپەرستی و نەتەوەپەرستییە. عەقڵێتەکەی عەقڵێتی دووژمنایەتی کوردانە ئامانجی سەرەکی قڕکردنی کوردانە. دەسەڵاتداری ئاکەپە_مەهەپە خاوەنی عەقڵێتی نەتەوەپەرستی، ڕەگەزپەرستی و فاشیستە. جگە لە بەجێگەیاندنی ئامانجی داگیرکاری، سیاسەتێکی دیکەی جیاوازی نیە. بۆیە هیچ ڕاستییەک نیە لەو بەڵێنە سیاسی و ئابووریانەی کە داوێتی بە حکومەتی عێراق. دۆخێکی زۆر ناحەقی، کەموکوڕ و مەترسیدارە کەم بە هەندێک لەم بەڵێنانە فریوبخوات، یان لە بەرامبەر هەندێک بەڵێن دوژمنایەتی پەکەکە و گەلی کورد بکات و بەشداری ئەم دووژمنایەتییە ببێت. ئەوانەی ئاگاداری ئەم دۆخەن، پێویستە هەوڵ و هەڵوێستی بەهێزییان هەبێ بەرامبەر بەم دۆخە مەترسیدارە و دەوڵەتی عێراق لەم ئاڕاستە هەڵەیەی بگەڕێنێتەوە. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە و شێفی فاشیست تەیب ئەردۆغان بە عەقڵێتی  عوسمانی نوێ داگیرکەر دەجوڵێنەوە. دەیانەوێت سنورەکانی میساقی میللی داگیربکەن کە پرۆژەیەکی نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستییە. بۆ بە جێگەیاندی ئەم ئامانجەشی هەوڵدەدات شەڕی قورس بکات، گەلان بەگژی یەکدیدا بکات، ژینگەی خوشک و برایەتی گەلان لەباربەرێت. دەوڵەت باخچەلی کە بونیادنەری ئەم سیاسەتەیە، ئەم ڕاستییەی بە شێوەیەکی ئاشکرا دەربڕی، کە ئامانجیان بەدەستخستنی موسڵ، کەرکووک، حەلەب، دەریای سپی و سالۆنییکە.

دەیانەوێت بناغەیەکی ڕەوا بۆ داگیرکاری و خیانەت دروست بکەن

ویستیان هەندێک ڕووداوی ئەم دواییە کە لە عێراقدا ڕوویدا، بخەنە ئەستۆی تەڤگەرمانەوە کە ئەم هەوڵدانانە پەیوەندی بەم چەمکەی ڕەوایەتییدانەوە هەیە. ئەم کارانەی کە لەلایەن میت و پەدەکەوە ڕێکخراون دەخەنە ئەستۆی تەڤگەرمان و بەم شێوەیە دەیانەوێت ڕەوایەتی بدەن بە داگیرکاری و خیانەت. بۆیە ئەوەی دەکرێت بە تەنها تۆمەت و بوختانێک نیە، لە هەمانکاتدا پلانێکی مەترسیدارە. هەموو کەسێک ئاگاداری ئەوەیە لە دژی دڕندایەتی داعش، بۆ پاراستنی باشووری کوردستان و عێراق تەڤگەرمان هەڵوێست و هەوڵدانی چۆنی ئەنجامدا. تەڤگەرمان و گەریلاکانی ئازادی کوردستان نەک بەتەنها لەناو گەلی کورد، بەڵکو لەلایەن کۆمەڵگەی عێراقیشەوە بە خۆشەوستییەکی زۆرەوە پێشوازییان لێدەکرێت. ئەم نزیکایەتییە ئەرێنیەی کۆمەڵگەی عێراق بۆ گەریلا و تەڤگەرمان دەبێتە ئاستەنگ لە پێش پێکهێنانی پلانی پیس و خیانەت. هەوڵدەدەن لە ڕێگەی ئەم پلانگێڕییە پیسەوە تەڤگەری ئازادی لەناو گەلی باشووری کوردستان و کۆمەڵگەی عێراقیدا ڕەش بکەن و بەم شێوەیە بنکەیەکی ڕەوا بۆ داگیرکاری و خیانەت دامەزرێنن. پێویستە لە کوردستان و عێراقیشدا ڕۆشبیران، ڕای گشتی و دامەزراوە دیموکراسییەکان ئاگاداری ئەم سیناریۆ پیسەیە بن. پێویستە ئەم پلانە پیسە کە پەدەکە و میت ئامادەی کردووە و حکومەتی عێراقیشی تێوەگلاوە ئاشکرا بکەن، ڕای گشتی ئاگاداربکەنەوە و ڕێگری لە چەواشەکاریی بکەن.

پێویستە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کورد جوڵ و بزووت لە نێو گەلدا دروستبکەن

پەدەکە بەشێوەیەکی ئاشکرا پشتگیری لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات و بەم شێوەیە پیشانی دەدات کە ئەویش بەشێکە لە قڕکردنی کورداندا. سەلماندی کە هیچ هەستیارییەکی نەتەوەی نیە، بەتەواوی لە پێناو بەرژەوەندی دەسەڵاتداری تەسک و بنەماڵەیی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات. بەداخەوە پەدەکە نەک بەتەنها پشتیوانی دەداتە داگیرکاری کوردستان، هەروەها بۆ سەرخستنی کۆنسێپتی دەوڵەتی تورک کە لەسەر بنەمانی قڕکردنی کورد دامەزراوە، کاری سیاسی و دیپلۆماسی بەڕێوەدەبات. ئەمەش جێگەی شەرمە و مەترسیدارییە. هەڵوێستێکی بەهێزی نەتەوەیی پێویستییە لەبەرامبەر ئەمەدا. پێویستە گەلی کورد و ڕێکخستن، پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان هەڵوێستێکی بەهێز و ڕوونی نەتەوەی پیشان بدەن. لە هەمانکاتدا پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد بە بەهێزییەوە لەبەرامبەر ئەم ڕەوشە مەترسیدارەدا  هەڵوێست پیشان بدەن. ڕۆشنبیر، هونەرمەند، نوسەرانی کورد پێویستە سەبارەت بەم مەترسیانە گەلی کورد هۆشیاربکەنەوە، ڕوونیبکەنەوە و گەل بخەنە ناو جموجۆڵەوە.

ئەوەی هێرشی دەکرێتە سەر داهاتووی ئازادی گەلەکەمانە

گەریلا لە دژی داگیرکاری لە بەرخۆداندایە. بەرخۆدانی مەزنی گەریلا پیرۆزدەکەین، جارێکی دیکە هاوڕێیانی بە حورمەتی شەهیدانمان یاد دەکەینەوە. بەرخۆدانی گەریلا چەندە بۆ پاراستنی کوردستانە لەهەمانکاتدا بۆ پاراستنی هیواکانی پێکەوەژیانی ئازاد و دیموکراتیکی گەلەکانمانە. ئەوەی هێرشی دەکرێتە سەر تەنها گەریلا و پەکەکە نیە، لە هەمانکاتدا هێرشە بۆسەر داهاتووی گەلەکەمان و باشووری کوردستان. لەسەرووی هەموویەوە باشووری کوردستان لە ئامانجی ئەم هێرشانەدایە. هێرشەکان لەسەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بەهاکانی کوردستانە. لەبەر ئەمە پێویستە لەلایەن هەموو لایەنەکانی  دیموکراتیک، وڵاتپارێزی و نەتەوەیی، وەکو گەریلا لە بەرامبەر ئەم هێرشە داگیرکاری و قڕکارییە، لە بەرامبەر خیانەت و نۆکەری، هەڵوێستی ڕوون پیشان بدەن. گەلەکەمان، دامەزراوەی دیموکراتیکی و وڵاتپارێزی بە هەڵوێستێکی لەم شێوەیە دەتوانن هێرشەکانی قڕکاری و داگیرکاری لەناوبەرن، دەتوانن دەستکەوتەکانی گەلەکەمان بپارێزن. پێویستە بەتەواوی لەم بابەتە تێگەیین. هیچ ناکۆکییەک لە نێوان کوردان یان ناکۆکی لەنێوان ڕێکخستنەکانی کورداندا نیە. پێویستە نزیکبوونەوەیەک و ڕێبازێکی لەم شێوەیە پیشان نەدرێت. پەدەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا بووە بە بەشێک لە سیاسەتی قڕکردنی کوردان. پێویستە هەموو کەسێک ئەم ڕاستییە ببینێت و بە گوێرەی راستییەکان ڕێبازێکی دروست پێشان بدات.

بانگەوازی بۆ گوڕدان و پەرەپێدان بە بەرخۆدانی هەمەلایەن دەکەین

هێرشە داگیرکارییەکان لەسەر باشووری کوردستان زیاتربوون، ئەمەش نیشانەی دۆخێکی مەترسیدارە. بانگەوازی لە هەموو کەسێک دەکەین کە ئاگاداری ئەم دۆخە مەترسیدارە ببن، بە بەهێزییەوە لە دژی داگیرکاری، خیانەت و قڕکردن بوەستنەوە. لەسەروی هەموویەوە پێویستە لە باشووری کوردستان و عێراقدا لە هەموو جێگەیەک هەڵوێست پیشان بدرێت. پێویستە گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە دژی داگیرکاری هەڵوێستێکی بەهێز پیشان بدەن. پێوستە گەلەکەمان کە لەدەرەوەی وڵاتدان لە دژی داگیرکاری هەڵوێستی بەهێز پیشان بدەن. ئەو قۆناغەی کە تێیداین قۆناغێکە کە پێویستە لە بەرامبەری هێرشە قڕکارییە فرەلایەنەکان، لە هەموو جێگەیەک بەرخۆدانێکی فرەلایەن بکەن و بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە بجوڵێنەوە. بانگەوازی لە گەلەکەمان دەکەین کە لە هەموو جێگەیەک بەرخۆدانی هەمەلایەن پەرەپێبدەن."