عوسمان كەیمنەیی: هونەر چی بۆ كردین لە ژیان جگە لە مەینەتی

لە سلێمانی بەڕێککەوت (عوسمان كەیمنەیی)ـم بینی پێیووتم: مامۆستا هونەر چی بۆ كردین لە ژیان جگە لە مەینەتی. لە مەریوان نازانم چییان کردە چاییەوە بۆم و دەنگم تێچوو، ئەو تاوانبارانە یەك دوانێكیان مردوون.

ئەم دوای عەسرە لە شاری سلێمانی لای چایخانەكەی نزیكی گۆڕەپانی سەرا بەڕێکكەوت هونەرمەندی ناسنامەی گۆرانی ناوچەی هەورامان بەڕێز مامۆستا (عوسمان كەیمنەیی)ـم چاوپێكەوت و چوومە لای دانیشتم. ماوەیەكی زۆرە بە خزمەتی نەگەیشتووم. كەوتینە باسی گۆرانی و یادەوەریەكانی ووتی: مامۆستا هونەر چی بۆ كردین لە ژیان جگە لە مەینەتی. ئێستا هێندە تاقەتی چاوپێكەوتنم ههر نەماوە.
منیش ووتم: ئەمنیش نیو سەدە لەو بوارەدا كارم كردوە مایەمان هیچە. بەڵام ئیتر ئەوە قەدەرە بەختمان یاوەری ئەم نەهامەتیە بوو. پاشاننزیکەی نیو كاتژمێریك چەندین پرسیارم لێ كرد .هەر لە سەرەتای دەست پێكردنی گۆرانی وتنیەوە هەندێ زانیاری دامێ و هێندەی بتوانم دەینوسمەمە.
ووتی: هەر لە سەرەتای مناڵیمەوە دێكەی خۆمان كەیمنە، هەرچیم دەبیست لە گۆرانی  لەبەرم ئەكرد. هێندە زیرەك بووم لە سەرەتای ساڵانی چلەكانەوە گۆرانی ئەڵێم و هەر لە هه ورامانەوە تا كەلار و دەربەندیخان و قەرەداغ و هەڵەبجە زیاتر لە هەزار شایی بەشدار بووم. لەگەڵ نەسروڵا كەیكاوس تەوێڵەیی، ئەلیلە،  مام حەیدەر (هەیەر)، ئەحمەدی نازدارێ. مستەفا مەحیەدین (مچەی محە)، حمەحسین كەیمنەیی و جەمیل و چەندینی تر  گۆرانیم وتووە. ووتم: كەی بوو چویتە ئیزگەی كرماشان؟
ووتی: كۆتایی پەنجاكان لەگەڵ حمەحسین بوو كە گۆرانی (كۆرپەلەی قەد باریك)مان ووت.
باسی كرد: عود ژەنێكی فارسی لێ بووە ئەو كاتە لە كاتی پرۆڤە پێی ووتم؛ ئاغا من بگەم شما برۆ  پایین، تۆ دەچیتە بالا واتە من بە تۆنی گڕ مۆزیكت بۆ دەژەنم تۆ بە تۆنی بەرز دەیڵێێت.
باسی ئەوەی كرد: یەكەمین كەس كە لە هەڵەبجە دەنگی تۆمار كردبێت لە چایخانەكەی حمەكەریمی چایچی بووە كە ئەویش ڕەشەی کوڕی حمەكریمی چایچی بوو، كە من لە یادمە هەمیشە كڵاوێكی لە سەردا بوو و تەسجیلێكی گۆرەندیكی هەبوو و بەو تەسجیلە دەنگی منیشی تۆمار کردوە. .پاشان لە چایخانەی حمەپایدەر دەنگم تۆمار کراوە.
من ساڵانی سەرەتای هه شتاكان جارێكیان چوومە ماڵیان دوای عەسرێك بوو، شەش حەوت تەسجیلی سانكیوی دانابوو لەگەڵ قەفەزێكی كەو، ئەو كاتە باسی كرد ووتی: شەوانە هەموو تەسجیلەكان دەخەمە سەر ڕیكۆرد و بە جاڕێ هەموویان پڕ ئەكەمەوە، كەوەكەش كە گوێ ی لە دەنگم ئەبێت دەست ئەكات بە خوێندن. (بۆیە هه ندێ شریتی دەنگی قاسپەی كەوی تێدایە).

پاشان باسی ئەو دوو گۆرانییە كرد؛ كە لە ساڵی 1983 ئێمە وەك تیپی شنروێی شاری هەڵەبجە لە تەلەفزیۆنی كەركوك بە ناوەکانی (كاڵە بەی و كەتانە) بۆمان تۆمار كرد، كە هه ردوو گۆرانیەكە من (ئازادی شنروێ) بۆم ئامادەكرد.
کێمۆەیی ووتی: من بەو گۆرانیانە هه موو كورد ناسیمی بە تایبەتی هەورامانی ئەودیو.
پاشان باسی دەنگ تێكچوونەكەی كرد و بە حه سرتەوە و زۆر خەمناك بوو ووتی: ساڵی 1992 شەوێك بەهار بوو لە شاری مەریوان میوانی چەند كەسێك بووم، كاتێ چایان بۆ دانا بووم ئاگام لێنەبوو پیاڵەكەمیان گۆڕی بوو. ئیتر دوای ئەوە دەنگم تێكچوو، ئیتر نازانم چیان تێكردبوو.ئەو تاوانبارانە یەك دوانێكیان مردوون. 
بەردەوام بوو ووتی: چوار جار لە تاران نەشتەرگەریم بۆ گەرووم كردوە و سەركەوتوو نەبوون .
لێم پرسی: كات چۆن بەسەرئەبەیت؟
ووتی: زیاتر لە ماڵەوەم لە سلێمانی. یان جار جار دڵسۆزی كوڕم باخێكی بچكۆلەی هەیە لە گوندی (گەچێنە) هەورامن، جاری وا ههیە مانگێك لەوێ دەبم.
بە پێكەنێكەوە ووتی: ئەگەر ڕێگاش هەبێت جار جار ئەچم بۆ مەریوان، چونكە لەوێش هاوژینێکی ترم هەیە.
ووتم: ئەگەر بتوانین بەرهەمێكت بۆ نوێ بكەینەوە، بە دۆبلاج و مۆزیكی نوێ بۆت بكەین؟
كاك عوسمان هه رچی بڵێم ناڵێ نا، یەكمان خۆشئەوێت و ووتی: بەڵكو تەمەن ڕێگا بدات.
لە ماوەی كاتژمێریك دا، چەندین باسمان كرد و ئیتر كات درەنگ بوو ماڵ ئاواییمان لە یەك كرد.

لە پەڕەی فەیسبوکی مامۆستا و موزیسیەن (ئازادی شنروێ) وەرگیراوە