یەرەکە یاد و بیرەوەری فەرماندە رێناس رۆژ بەرزڕادەگرێت

یەرەکە بە بۆنەی سێهەم ساڵیادی فەرماندە رێناس رۆژ (سەلاحەدین شەهابی) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە، شەهید رێناس وەک فەرماندەیەکی سنوور نەناس لە چیاکانی سەرجەم بەشەکانی کوردستان تێکۆشانی بێ وچانی کردووە.

سێ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی فەرماندە رێناس رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان تێپەڕدەبێت و بەو بۆنەوە فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا رایگەیاندووە: " هەڤاڵ ڕێناس ڕۆژ و تێکۆشانە مێژوویەکەی بە بیر دێنینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە لە سەر خەتی تێکۆشانی رێناسەکان ئازادی رێبەر ئاپۆ و وڵاتمان کوردستان مسۆگەر دەکەین.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " هەڤاڵ ڕێناس کە لە بەرانبەر ئەرتێشی دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورک و چەتەکانی لە ساڵی ٢٠١٩لە شەڕی سەرێکانی و گرێ سپی وەک فەرماندەیێکی لێهاتوو لە بەرەی تل تەمر قارەمانیێکی بێ وێنەی نواند وەکوو دڕکێک لە چاوی دوژمن دا مابووە وە و تا لە ڕێکەوتی ١٩ی ئابی ٢٠٢١ لە ئەنجامی هێرشی نامەردانەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دا گەییشتە ئاستی بەرزی شەهادەت."

دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە

راگەیەندراوی فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بۆ سێیەمین ساڵڕۆژی شەهادەتی شەهیدی فەرماندە هەڤاڵ ڕێناس ڕۆژ

ئەمڕۆ سێ ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر شەهادەتی میلیتانی پێشەنگی ئاپۆیی هەڤاڵ ڕێناس، بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە لە کەسایەتی هەڤاڵمان ڕێناس ڕۆژ دا هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان بە بیر دێنینەوە و سەری ڕیز و نەوازش لە بەرانبەر تێکۆشانی فەداییانەیان نەوی دەکەین و بەڵێنی مسۆگەر کردنی ئامانجەکانیان دووپات دەکەینەوە.

هەڤاڵ ڕێناس ئەو فەرماندە پێشەنگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بێ ناسینی هەر سنوورێکی دەستکرد کە بە مەبەستی پارچەکردنی وڵاتمان داڕێژراوە؛ لە هەرێمی ئەرزروومی باکووری کوردستانەوە بگرە تا داڵاهۆ و کۆساڵان لە ڕۆژهەڵات، تا زۆربەی چیاکانی باشوور و لەوێوە تا بست بە بستی ڕؤژئاوای وڵات بە بێ دوودڵی و لەوپەڕی بەرپرسیاریەوە بێ وچان لە پێناو خزمەت کردنی گەل و دۆزی ئازادی و سەربەخۆیی وڵات تێکۆشانێکی ماندوو نەناسانەی ڕابەر کرد. هەڤاڵ ڕێناس لە کوێ پێوێست بوو؛ لەوێ هەتا دواڕادە وەک هەر میلیتانێکی ئاپۆیی بۆ پاراستنی گەل و نیشتمان حازر و ئامادە بوو.

هەڤاڵ ڕێناس کە لە بەرانبەر ئەرتێشی دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورک و چەتەکانی لە ساڵی ٢٠١٩لە شەڕی سەرێکانی و گرێ سپی وەک فەرماندەیێکی لێهاتوو لە بەرەی تل تەمر قارەمانیێکی بێ وێنەی نواند وەکوو دڕکێک لە چاوی دوژمن دا مابووە وە و تا لە ڕێکەوتی ١٩ی ئابی ٢٠٢١ لە ئەنجامی هێرشی نامەردانەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دا گەییشتە ئاستی بەرزی شەهادەت.

ئەو ڕیگایەی کە هەڤاڵمان ڕێناس و بە دەیان پێشەنگی تر وەک هەڤاڵان هیوا سنە، هەورام ئاویەر، عادڵ ئامەد(سەقز)،ئاسۆ فەرزاد و هەرە دوایی فەرماندەی پێکدادانی قورس و گران هەڤاڵ هاوڕی چیا گرتیانە بەر نیشاندەری ئەو ڕۆحە وڵاتپارێزیەیە کە ڕێبەر ئاپۆ بنەڕەتەکەی دامەزراندووە و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێ. وەک دەزانرێ ئەمڕۆ کوردستان بۆتە گۆڕەپانی یەک لە گەورەترین شەڕەکانی جیهان و گریلا فەداییەکانی ڕێبەر ئاپۆ وەک هەمیشە لە هەر چوار لای کوردستان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە مەیدانەکانی بەرخۆدان لە هەمبەر هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و هێڵی خەیانەت و خۆفرۆشی بنەماڵەی بارزانی وەک زنجیرەچیاکانی زاگرۆس قۆڵی هێرش و پەلاماریان لە نەیاران هەڵماڵیوە.

 لە کۆتاییدا وەک فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکیتر هەڤاڵ ڕێناس ڕۆژ و تێکۆشانە مێژوویەکەی بە بیر دێنینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە لە سەر خەتی تێکۆشانی رێناسەکان ئازادی رێبەر ئاپۆ و وڵاتمان کوردستان مسۆگەر دەکەین."