دایکی شەهید سەردەم ئاگری: ئەوەی پارتی (پەدەکە) دەیکات خیانەتە

حەمدیە ئەحمەد دایکی سەردەم ئاگری، کە ڕۆڵە گەریلاکەی بە چەکی کیمیایی شەهید بووە وتی: "ئەوەی پارتی (پەدەکە) دەیکات خیانەتە. ئەگەر لەگەڵ گەریلادا نین، بۆچی بە خۆیان دەڵێن، 'ئێمە کوردین'،".

سەردەم ئاگری (عوسمان عەبدی) یەکێک لەو گەریلایانە بوو، کە لە هێرشە کیمیاییەکانی سوپای تورکی داگیرکەردا شەهید بوو.  بنەماڵەی سەردەم ئاگری بێدەنگی بەرامبەر هێرشە کیمیاییەکان شەرمەزارکرد و داوایان لە هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد،  لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لێکۆڵینەوە بکەن.

سوپای تورکی داگیرکەر لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ەوە بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین. هەپەگە ڕایگەیاند، لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا بەلایەنیکەمەوە  ٢ هەزار و ٤٧٦ جار چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو بەکارهاتووە.

هەپەگە ڕایگەیاندووە، لە مانگەکانی ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەمدا ١٧ گەریلا بە چەکی کیمیایی شەهید بوون. سەردەم ئاگری یەکێکە لەو گەریلایانە، کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا لە زاپ لە هێرشی چەکی کیمیاییدا شەهید بوو.

'ئەگەر کورد بوونایە لەگەڵ گەریلادا دەبوون'

حەمدیە ئەحمەد دایکی شەهید سەردەم ئاگری بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وت، بە توندی ئیدانەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەکات و وتیشی: "گەلی کورد خوشک و برای یەکترن، دەبوایە پارتی (پەدەکە) لەگەڵ گەلی کورددا بوایە. دەبێت بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی ئازاد یەکبگرن. دەبوایە پارتی (پەدەکە) لەگەڵ گەریلاکاندا بوایە. ئەگەر ئەوان لەگەڵ گەلی کورد و گەریلادا نەبن، ئەوا بۆچی بە خۆیان دەڵێن، 'ئێمە کوردین'، ئەگەر کورد بونایە، ئەگەر بەرژەوەندی کورد و کوردستانیان بپاراستایە، ئەوا پشتگیریی گەریلایان دەکرد، ئەوەی پارتی (پەدەکە) دەیکات خیانەتە. ئەگەر خائین نەبوونایە ئێستا لەگەڵ دەوڵەتی تورک نەدەبوون".

دایە حەمدیە ئەحمەد ڕاشیگەیاند، پێویستە گەلی داوای لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک بکات و کۆتایی بە بێدەنگی نێودەوڵەتی بهێنرێت.

'ئەگەر پارتی (پەدەکە) دوژمن نەبووایە، دەستی بەسەر ماسکەکاندا نەدەگرت'

محەمەد عەبدی باوکی شەهید سەردەم ئاگری باسی ئەوەیکرد، چەکی کیمیایی بەپێی بەها مرۆییەکان و یاسا نێونەتەوەییەکان قەدەغەکراوە و وتیشی: "بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نیشانەی شکستهێنان و ڕووخانیانە، بەتازەترین تەکنیک و تەکنەلۆژیاش بە گەریلا ناوێرن و ئێستاش چەکی کیمیایی بەکاردەهێنن. ئەوان دەیانویست بە بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی ئەنجام بەدەست بهێنن".

محەمەد عەبدی باوکی شەهید سەردەم ئاگری وتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) رێگەی بۆ دەوڵەتی تورک دروستکردووە، کە بە ئاسانی بگاتە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی (پەدەکە) دەستی بەسەر ماسکەکانی گەریلادا گرتووە و راشیگەیاند، "ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستی بە سەر دەمامکی گەریلادا گرتووە. ئەگەر ئەمڕۆ گەریلاکان بە کیمیایی شەهید دەبن، بەهۆی نەبوونی ماسکەوەیە. تاکە تاوانبارێک ،کە ڕێگریی لە گەیشتنی ماسکەکان کرد بۆ گەریلاکان، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یە".

عەبدی ئەوەشی ڕاگەیاند، هێشتا سەرباری ئەوانەش ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لێکۆڵینەوەیان لەو ناوچانەدا نەکردووە، کە ماددەی کیمیاییان تێدا بەکارهاتووە و ئەو بێدەنگییەی ئێستایانی بەرامبەر بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان ئیدانە کرد و بانگەوازی ئەوە بوو، "پێویستە گەلانی جیهان لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ بکەن. دەبێت هەموو جیهان ئەوە ببیستێت، کە بەرامبەر گەریلا چەکی کیمیایی بەکار دەهێنرێت  تاوەکو رێگری لە بەکارهێنانی چەک و ماددە کیمیاییەکان بکرێت".

ژ.ت