خەڵکی کۆبانێ هێرشەکانی پەدەکەیان شەرمەزار کرد

سەدان کەس لە کۆبانێ رژانە نێو شەقامەکان و خیانەتی پەدەکەیان لە گەلی کورد و هێرشەکانی دژی هێزەکانی گەریلایان شەرمەزارکرد.

ڕێپێوانێک لە کۆبانێ بە دروشمی "ڕێپێوانی شەرەف لە دژی خیانەت" رێکخرا.

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنانی ئازادەوە بۆ گۆڕەپانی شەهید عەگید بەڕێوەچوو و لافیتەی "بارزانی بکوژی شەهیدانی زەندورایە" و وێنەی شەهیدانی ئازادی بەرزکرانەوە.

دوای رێپێوانەکە، لە گۆڕەپانی شەهید عەگید گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا. سارا خەلیل، ئەندامی جێبەجێکاری مەکتەبی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە گردبونەوەکەدا قسەی کرد و وتی"دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ماوەیەکی زۆرە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان. پەدەکەش لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگە و خیانەت لە خوشک و برا کوردەکانی دەکات. پارتی بەم خیانەتە مێژووی دووبارە کردەوە. بۆ ئەوەی دوژمن تێکبشکێنین، دەبێت لەبەرامبەر ئەو خیانەتە بوەستینەوە"

هەروەها، موسا حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی هەرێمی فورات ڕایگەیاند، کە سوپای تورکیای داگیرکەر لەم دواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکە زیاتر کردووە.

موسا حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و هێرشکردنە سەر گەریلاکان، بیانوویەکە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک باشووری کوردستان داگیر بکات.

موسا حەسەن باسی ئەوەی کرد کە ئەوان لەسەر رێبازی شەهیدان خەبات دەکەن و داوایان لەخەڵکی هەرێم کرد، کۆتایی بەو ڕووداوانە بهێنن کە سەقامگیریی هەرێم لاواز دەکەن.

ف.ق