لە عەفرینی داگیرکراو میت ٣ هاوڵاتی رفاند

میتی تورک دوو هاوڵاتییان لە خاڵێکی کۆنترۆڵی هاوبەشی لەگەڵ چەتەکان و هاوڵاتییەکی دیکەشیان لە نەخۆشخانەیەک ڕفاند.

لە عەفرینی داگیرکراو، دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک (میت) سێ هاوڵاتیی ڕفاند.

هاوڵاتییەک بەناوی بێرەقدار محەمەد مستەفا تەمەن ١٥ ساڵ، خەڵکی گوندی ئاشکای ناوچەی شێراوا، کاتێک لە حەلەبەوە لەسەر بانگەوازیی ئەنەکەسە گەڕاوەتەوە بۆ گەندەکەیان، لە خاڵێکی کۆنترۆڵی هاوبەشی میت و چەتەکان دەستگیرکراوە و چارەنووسی نادیارە.

کەسێکی دیکەش بەناوی خەلیل محەمەد خەڵکی گوندی قیباری سەر بە ناوچەی شەرا، ڕفێنراوە و بۆ زیندانێک لە مارەعی داگیرکراو براوە.

بە پێی زانیاریەکان هاوڵاتییەکی دیکەش بەناوی حەبەش ڕەشید تەمەن ٢٦ ساڵ، خەڵکی گوندی بەدینا لە ناوچەی ڕاجۆ، کاتێک هاوژینەکەی بردووە بۆ نەخۆشخانەی شەمارین لە عەزازی داگیرکراو ڕفێنراوە.

ماوەیەکە حاڵەتاکانی ڕفاندنی هاوڵاتیان لە عەفرینی داگیرکراو لەلایەن میتی تورکەوە زیادیکردووە، بە تایبەتی ئەو هاوڵاتییانەی لەسەر بانگەوازیی ئەنەکەسە دەگەڕێنەوە بۆ عەفرین.

ف.ق