لە گرێ سپی و عەین عیسا لەماوەی ١٠ رۆژدا ٥ کەس شەهید بوون

لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە گوندەکانی گرێ سپی و عەین عیسادا، لەماوەی ١٠ رۆژدا ٥ کەس شەهید بوون.

ویسام عومەر وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی گرێ سپی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا، ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گوندەکانی گرێ سپی و عەین عیسا لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا ئاشکرا کرد.

ویسام عومەر رایگەیاند کە دەوڵەتی تورک ئاگربەستی پێشێل کردووە.

عومەر رایگەیاند کە دەوڵەتی تورک لە ماوەی ١٠ رۆژدا، گوندی کۆر حەسەن، فاتسێ، سوێد، ئەحمەدیەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تانک، هاوەن  و لە ریگەی قەناسەوە ٣٠ جار کردووتە ئامانج و بەهۆی هێرشەکانەوە ٥ کەس شەهید بوون کە چواریان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن و ٢ کەسیش بریندار بوون.

لەبارەی شەهید و بریندارەکانیش وتی، ئەحمەد خدری ٢١ ساڵ لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕؤکەواندا لە نزیک بەنزینخانەیەک شەهید بووە و عەلی خەلیلیش بە سەختی بریندار بووە.

٤ ئەندامی ئاسایشی ناوخۆش لەسەر رێگەی عەین عیسا – رەقا، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شەهید بوون. ناویان بەم شێوەیەیە: جوان مستەفا، بەشار محەمەد، سار حسێن و سەلما مستەفا.

هاوڵاتیەکیش بە ناوی بەشی فەرحان ل تۆپبارانێکدا لە دووری ٥ کیلۆمەتر لە گوندی جەدیدیە بریندار بووە.

باسی ئەوەشی کرد کە لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا هێرشەکان زیادیان کردووە و ٢٠ کیلۆمەتری بەرەی شەڕ بەئامانجدەگیرێت.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی گرێ سپی لە کۆتاییدا وتی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێڵی هێزەکانی ئاسایش لە ٥٠ کیلۆمەتری لە دووری سنورەوە دەکاتە ئامانج و بەڵێنیدا کە لەدژی داگیرکەری تورک دەبنە قەڵغانێکی بەهێز.

ف.ق