لە هێرشێکدا لە قامیشلۆ شەڕڤانێکی قەسەدە شەهید بوو، ٢ کەسی مەدەنیش برینداربوون

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە رایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک رۆژی یەکشەممە بە فرۆکەی بێفرۆکەوانی هێرشبەر لە قامیشلۆ هێرشێکی ئەنجامداوە و شەڕڤانێک شەهید بووە و دوو مەدەنیش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکەی قەسەدەدا هاتووە: "هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی شوێنە مەدەنییەکان و جێگەی نیشتەجێبوون بەردەوامە. لە ٦ی تشرینی دووەمدا لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا کاتێک هەڤاڵێکمان لە مۆڵەتی پشووی خۆیدا لە ماڵەوە بوو، لەگەڵ دوو هەڤاڵی مەدەنی خۆیدا پیاسەی دەکرد، سوپای تورکی داگیرکەر ئەوانی کردە ئامانج.

ئەو ئۆتۆمبێلەی شەڕڤانی ئێمە میتان شۆڕش و دوو هەڤاڵەکەی تێیدابوون، کرایە ئامانجی سوپای تورکی داگیرکەر. لە ئەنجامدا هاوڕێمان میتان شەهید بوو و دوو هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوون".

هـ . ب