لە حەسەکە ٤٠ داعشی دەستگیرکران

قەسەدە رایگەیاند، کە لە حەسەکە ٤٠ کەس بە گومانی ئەندامبوون لە داعش دەستگیرکراون.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دوێنێ (٢٠ی نیسان) لە دژی شانە شاراوەکانی داعش ئۆپراسیۆنێکی ئەمنییان لە گەڕەکەکانی شاری حەسەکە دەستپێکردبوو.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەکانەوە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو، کە لە ئۆپراسیۆنی گەڕاندا ٤٠ کەس بە گومانی ئەندامبوون لە شانە نوستووەکانی داعش دەستگیرکراون.

ئەوەشی خراوەتەڕوو، کە "شانەکانی چەتەکانی داعش بە هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر زۆرینەی هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەوڵ دەدەن داعش رێکبخەنەوە، بۆ ئەوەی کردەوە تیرۆریستیەکانیان زیاد بکەنەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، هێرشەکانی داعس جارێکی دیکە سەلماندییان کە مەترسی داعش لە سەر هەرێمەکە و سەرتاسەری جیهان کۆتایی نەهاتووە. داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرا کە بەرپرسیارێتیە مرۆیی، ئەمنی و دادوەرییەکانیان بەرامبەر بە هەرێمەکە جێبەجێ بکەن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئامارەکانی ئۆپراسیۆنی ئەمنی و سەربازی هاوبەش ئاشکراکراون.

بە گوێرەی ئامرەکە، ٤٠ کەس بە گومانی ئەندامبوون لە شانەکانی داعش دەستگیرکراون، ٩ کڵاشینکۆف، نارنجۆکێکی دەستی، ئامێرێکی پەیوەندی بێتەل، ٤ دەمانچە و بڕێک تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی دەستیان بەسەردا گیراوە.

هـ . ب