'پارتی دەستی لە خوێنی کچەکەم دایە'

وەسفیە مەحمود بەشیر، کە ڕوکسەن زاگرۆسی کچی لە هێرشی کیمیاباران دا شەهید بووە وتی: "پارتی (پەدەکە) دەستی لە خوێنی کچەکەمدایە. بێگومان هەڵبەت ڕۆژێک دێت و تۆڵەی ئەو شەهیدانە دەکرێتەوە".

محەمەد تاهیر باوکی شەهید روکسەن زاگرۆس ڕایگەیاند، ئەوانەی بۆ ئازادی و دادپەروەری و ماف تێدەکۆشن دەبێت لە پشت  گەریلاکاندا بوەستنەوە و دژی کۆمەڵکوژییەکان بن.

 یەکێک لەو ١٧ گەریلایە، کە لە هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوو، ڕوکسەن زاگرۆس (نەورۆز تاهیر) خەڵکی شاری قامیشلۆیە، کە لە ٢٢ی ئازاری ٢٠١٤ بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بووە. محەمەد تاهیر باوکی ڕوکسەن زاگرۆس وتی: "منداڵەکانمان لە کاتێکدا بۆ مافەکانی گەلی کورد تێدەکۆشن بە چەکی کیمیایی دەکوژرێن. ئێمە ناتوانین بێدەنگی بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قبوڵ بکەین".

هیچ پاسا و ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕێگری لە گەیشتنی ماسکەکان نییە

محەمەد تاهیر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پارتی (پەدەکە) بەشدارە لەو کۆمەڵکوژیانەدا و وتی: "ئەوانیش کوردن. لەم شەڕەدا پارتی (پەدەکە) بەشدارە و گەورەترین ڕۆڵ دەگێڕێت. پەدەکە لەو شەڕە بەرپرسیارە. ئەگەر ڕێگریی لە گەیشتنی ماسک بۆ خۆ پاراستنی گەریلاکان لە گازی کیمیایی نەکردایە ئەو گەریلایانە شەهید نەدەبوون. پەدەکە دەستی لەو شەهادەتانەدا هەیە. هیچ پاساو و  ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی ماسکی دژە کیمیایی بە گەریلاکان بوونی نییە و قبوڵ ناکرێت".

ئێمە دەبێت پشتیوانی گەریلاکان بین

محەمەد تاهیر تیشکی خستە سەر پێویستیی گەریلا بۆ تێکۆشانی ئازادی و دادپەروەری و بەدەستهێنانی مافەکان و وەستانەوە دژی کۆمەڵکوژییەکان و وتی: "ئەوە ئەرکی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تاک و هەموو کۆمەڵگایە، کە لە دژی چەکی کیمیایی و کیمیاباران بوەستنەوە".

بێگومان تۆڵەیان دەکرێتەوە

لەلایەکی ترەوە وەسفیە مەحمود بەشیر دایکی شەهید ڕوکسەن زاگرۆس وتی، ئەردۆغان دوژمن و بکوژە، بەڵام پارتی (پەدەکە) ڕێگەی بۆ دەوڵەتی تورک کردەوە و پشتیوانیی کرد و وتی: "خوێنی شەهیدان لەسەر زەوی نامێنێتەوە. بێگومان ڕۆژێک تۆڵەی ئەو شەهیدانە دەکرێتەوە و گەریلا سەردەکەوێت".

چەکی کیمیایی نیشانەی شکستە

حاجی بەشیر مامی روکسەن وتی: "شۆڕش بەرەو سەرکەوتن دەڕوات و دوژمن لە شکستدایە. دوژمن دۆستی زوڵم و ستەمە. ئەگەر ئەمڕۆ بە چەکی کیمیایی هێرش دەکات ئەوە نیشانەی شکست و ڕوخاندنێتی. بانگەوازم بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئەەوەیە، ئێوە ناتوانن مێژووی کورد لەناوبەرن. بگەڕێنەوە بۆ ناو ریزەکانی گەل!".

ژ.ت