ئیسرائیل دیمەشقی بۆردومان کرد

ئیسرائیل ئەمڕۆ بۆردومانی دیمەشقی پایتەختی سوریای کرد، سەربازێک بریندار بوو.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، بەهۆی هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری دیمەشق، دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە.

ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا گروپەکانی لایەنگری ئێران و هێزەکانی حکومەتی دیمەشقی لە ناوچەی ئەلدیماس و گەڕەکی ڕۆژئاوای دیمەشق و دەوروبەری دیمەشقی کردە ئامانج. بەڵام زانیاری زیاتر لەسەر زیانەکان بەدەست نەهاتووە.

کەناڵی ئەخباریەی سەر بە حکومەتی دیمەشق ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە، ئەمە ٢٧مین جارە ئیسرائیل ناوچەکانی سوریا دەکاتە ئامانج و لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەمە دووەم جارە بارەگای گروپەکانی لایەنگری ئێران لە ڕۆژئاوای دیمەشق دەکاتە ئامانج.

هەرچەندە ڕوسیا خاوەنی سیستمێکی بەرگری پێشکەوتووە لە سوریا، بەڵام ئیسرائیل بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی دەپێکێت.

ف.ق