ئاڵدار خەلیل مەرجەکانی باکوری سوریا بۆ ناوچەی ئارام ئاشکرا دەکات

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤدەم مەرجەکانی بەڕێوەبەریی باکوری سوریا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام ئاشکرا دەکات و یەکێک لەو مەرجانەش ئەوەیە، کە "نابێت لە پێنج کیلۆ مەتر زیاتر بێت و هیچ شارێکیشی بکەوێتە ناو".

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکرات-تەڤدەم لە رێپۆرتاژێکی ئاژانسی هەواڵی هاوار-دا تیشکی خستووەتە سەر دیدارەکانی شاندی ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتی تورک و هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سنووری نێوان تورکیا و سوریا.

ئاڵدار خەلیل، لەبارەی دیدارەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و دەوڵەتی تورکەوە وتی: هێزەکانی هاوپەیمانان لەکاتی منبج و لە ئێستاشدا بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات دانووستان لەگەڵ تورکیا دەکەن، ئەمریکا نەک لەبەر خاتری چاوی کاڵی ئێمە، بەڵکو بۆ بەرژوەندیی خۆی لە هەوڵداندایە، ئەگەر ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا دروست ببێت، دەبێت زۆر شت دیاریی بکات و نیشانی دەدات، کە ئەردۆغان هەڕەشەکانی پێکدێنێت یان نا، تورکیا جەخت دەکاتەوە و بۆ بەهانەیەک دەگەڕێت، کە ئەو ناوچەیە داگیر بکات.

"بۆپاراستن لە هەڕەشەی تورکیا، ناوچەی ئارام پێویستە"

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤدەم، سەبارەت بە دروستکردنی ناوچەی ئارام، ڕایگەیاند: لایەنی کەم ناوچەیەکی ئارام هەبێت، کە لە تورکیا بمان پارێزێت، دەوڵەتی تورکیش ئەوە دەکاتە بەهانە و دەڵێت، با ناوچەی ئارام هەبێت، بەڵام دەردی ئەوان پاراستن نییە، چونکە ئێمە هیچ کات هێرشمان نەکردووەتە سەر تورکیا، نەمانوتووە خاکی باکوری کوردستان و تورکیا داگیر دەکەین، تورکیا وا حساب دەکات، کە ئێمە بۆ ناوچەی ئارام دەڵێین 'نا' و بەو هۆیەشەوە دەیەوێت ناوچەکە داگیر بکات، ناوچەی ئارام بۆ ئێمە کێشە نییە، بەڵام هەندێک وردەکاریی هەیە کە دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەین، بە نمونە مەودای ناوچەکە، ئەو هێزانەی لەوێ جێگیر دەکرێن، هەبوونی مەفرەزەی گەڕۆک، ڕەوشی داگیرکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین، ئەمانە بابەتی گفتوگۆن.

"٣٢ کیلۆمەتر قبوڵ ناکرێت"

ئاڵدار خەلیل، سەبارەت بە مەرجی تورکیا بۆ ناوچەیەکی ئارام بە ڕووبەری ٣٢ کیلۆمەتر، وتی: تورکیا بۆ ناوچەی ئارام داوای ٣٢ کیلۆمەتر دەکات، ئەوەش قبوڵ ناکرێت، ٣٢ کیلۆمەتر لەدەرەوەی بەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نامێنێت، تا ناوچەیەکی ئارامی تێدا دروست بکرێت، تورکیا بە زانابوون ئەوە دەکات و دەیەوێت بەڕێوەبەریی لەناوببات، ئێمەش وتومانە، کە هەتا پێنج کیلۆمەتر نابێتە کێشە، لەناو ئەو پێنج کیلۆمەترەدا نابێت شاری تێدا بێت، ئەو شارانەی، کە دەکەونە سەر سنوور، دەبێت لەدەرەوەی ناوچەی ئارام بن، هێزەکانی پاراستنی سنوور-یش دەبێت خەڵکی ناوچەکە بن، ئەو بابەتە هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و تورکیاش لەناوخۆدا ڕێکنەکەوتووە، بەڵام تورکیا هەر بە هەڕەشە و هێرش دەخوازێت ئەوەی دەیەوێت، فەرزی بکات.

"تورکیا دەیەوێت پشێویی دروست بکات"

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤدەم، ئاماژەی بە دورستکردنی پشێویی کرد لەلایەن دەوڵيتی تورکەوە و وتی: بە شەڕی تایبەت، سەربازیی و ئیستیخباراتیی، دەیانەوێت ناوچەکە ئاڵۆز بکەن، بە نمونە هاکان فیدان ماوەیەک بەر لە ئێستا وتی 'ئەگەر بمانەوێت شەڕ بکەین لەڕووی سوریاوە بە هاویشتنی چەند تۆپێک شەڕ دەستپێ دەکەین'، لەکاتێکی گرنگدا، کە شاندی ئەمریکیی لە کۆبوونەوەدابوون، هەندێک کەس لەڕووی سوریاوە تۆپیان هاویشت بەرەو جەیلانپناری باکوری کوردستان، بە ئامانجی دورستکردنی پشێویی، ویستان پەیام بدەنە شاندی ئەمریکی، کە گوایە 'هێرش دەکەنە سەر ئێمە'، هێرشەکە بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو، بۆ ئەوەی ببێتە بەهانەیەک بۆ ئەوەی تورکیا فشار بخاتە سەر شاندی ئەمریکا و هێرش بکاتە سەر ناوچەکە، بەڵام هێزە پەیوەندیدارەکان یەکسەر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و کەسێکیان دەستگیرکرد.

ک-ش