لە شەهبا بە هەزاران کەس دژ بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا رێپێوانیان کرد

گەلی عەفرین و شەهبا دژ بە هێرشە داگیرکاریەکان و قڕکردنی نەتەوەیی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بە رێپێوانی بەرفراوانی جەماوەریی نارەزایەتیی توندیان نیشاندا.

بە دەیان هەزارهاووڵاتی عەفرینی کە بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ناچار کۆچبەری کانتۆنی شەهبا کراون، رێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا. گەلانی عەفرین و شەهبا، دژ بە هێرش و سیاسەتی گۆرینی دیمۆگرافی رۆژئاوای کوردستان رێپێوانی جەماوەریی بەرفراوانیان ئەنجام دا.

هاووڵاتیان لە ناوچەی فافین-ی کانتۆنی شەهبا کۆبوونەوە و بەرەو کامپی بەرخۆدان بەرێکەوتن. لەکاتی رێپێوانەکەدا ئاڵاکانی تەڤ-دەم، کۆنگرەی ستار، یەپەگە و یەپەژە بەرزکرانەوە> هەروەها پانکارتەکانی "ئەنجومەنی ئەنتاب، ئەنجومەنی خیانەتکارانە" ، "روسیا و تورکیا شەریکن لە تاوانی پارچەکردنی سووریادا"،  "بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەبەرامبەر داگیرکردنی عەفریندا شەرمەزار دەکەین" و "گەلی شەهبا پشتیوانی لە گەلی عەفرین دەکات" بەرزکرابوونەوە. هەروەها هاووڵاتیان دروشمەکانی "نا بۆ داگیرکاریی دەوڵەتی تورک" ، "عەفرین ئازادە" و "بژی بەرخۆدانی سەردەم"یان بەرزکردبوویەوە.

لە مەیدانی کەمپی بەرخۆدان، هاووڵاتیانی نارازیی خولەکێک بە بێدەنگیی راوەستان و پاشان هاوسەرۆکی کانتۆنی جەزیرە هێڤا عەرەبۆ وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و تێیدا رایگەیاند "بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکیانە درێژە بە رێبازی شەهیدانمان دەدەین، بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەنجامدانی چالاکی و عەفرین لە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا رزگار دەکەین، بەرخۆدانی سەردەمیانە دژ بە داگیرکاریی دەولەتی تورکیا لە پەرەکانی مێژوودا نووسراوەتەوە، بە رۆحی بەرخۆدانی عەفرین، دواجار هەر سەردەکەوین".

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەرێوەبەریی کانتۆنی عەفرین عوسمان شێخ عیسا وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رایگەیاند "گەلی عەفرین گرێدراوی خاکی خۆیانن و بە هێزی خۆیان کە درێژە بە رێبازی شەهیدانیان دەدەن، سەردەکەون"

هەروەها وتیشی "بە هەموو جۆرێک بەرخۆدان دەکەین تا سەردەکەوین".

دواتر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی شەهبا وەفا حەسەن لە وتارەکەیدا رایگەیاند "دەوڵەتی تورکیا بە سەرکێشیی ئەردۆگان هاوکاریی تیرۆریستانە" وتیشی "ئامانجی ئەردۆگان رووخاندنی سووریایە و بۆ ئەو مەبەستەش فیتنە لەناو گەلاندا دروست دەکات و بەو شێوەیە دەیەوێت بگاتە بەرژەوەندییەکانی خۆی"

وەفا حەسەن وەبیری هێنایەوە کە دەوڵەتی تورکیا بە داگیرکردنی جەرابلوس، باب و عەزاز دەستی بە داگیرکاریی کرد لە باکووری سوریا.

وەفا بانگەوازی گەلی کرد کە ئاستی چالاکیەکان بەرفراوانتر و زیاتر بکەن.

رێپێوانەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی سەردەم" و شەرمەزارکردنی داگیرکردنی عەفرین کۆتایی هات.