هاوڵاتیانی قامشلۆ و تربەسپی و هۆل لە دژی هێرشی داگیرکەران رژانە سەر شەقام

هاوڵاتیان و دانیشتوانی قامشلۆ و تربەسپی و هۆڵ لە دژی هەوڵە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک رژانە سەر شەقام و هاوکات یادی شەهیدانی خۆڕاگریە گەورەکەی ١٤ی تەموزیشیان کردەوە.

قامشلۆ

دانیشتوانی شاری قامشلۆ لە رێپێوانێکدا تاوان و کردەوە قێزەوەنەکانی دەوڵەتی تورکیان رسوا و شەرمەزار کرد. رێپێوانەکە لە رێگای سەرەکی قەرموتی شارەکەوە بەرەو ناوەندی کلتور و هونەر-ی محمد شێخۆ بەڕێکەوتن.

 شەمسەدین گولۆ ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان لە چالاکیەدا قسەیان کرد و رایگەیاند، خۆڕاگری و تێکۆشانی شەهید عەلی چیچەک، خەیری دورموش، ئاکیف یلماز و کەمال پیر تا ئێستاش بەردەوامە و وتی:"فکر و رامانی رێبەر ئاپۆ کلیلی گەرەنتی ئاسایشی کوردستان و سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە."

چالاکیەکە بە وتنەوەی دروشمی 'بژی خۆڕاگری'، 'ئازادی بۆ رێبە ئۆجالان' کۆتایی پێهات.

تربەسپی

ئەنجومەنی ناوچەی تربەسپیش بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشەکانی سوپای دەوڵەتی داگیرکەر بۆ سەر باشوری کوردستان و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، رێپێوانێکیان ئەنجامدا. لە رێپێوانەکەدا بانگەوازیەک ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرا و داوای لێکرا کە، رێگری لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بکەن کە دەیکاتە سەر خەڵکی مەدەنی و هاوکات دەست لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ وەردەدات.

دواتر دانیشتوانی ناوچەکە، لە بەردەم ناوەندی کۆنگرەی ستار گرد بوونەوە و پانکارتی 'بە رۆحی خۆڕاگری ١٤ی تەموز، کۆتایی بە خیانەت و داگیرکاری دێنین' بەرز کرایەوە. دواتر رێپێوانەکە دەستی پێکرد و لە دژی هێرشە داگیرکاریەکان/ دروشم وترانەوە. رێپێوانەکە تا بەردەم ناوەندی یەکێتی گەنجانی رۆژئاوا بەردەوام بوو، دواتر گۆڕا بۆ گردبوونەوەی جەماوەری.

لە گردبوونەوە جەماوەریەکەدا، هەر یەک عبدولرەحمان حسۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی تربەسپی و عەباس حسێن ئەندامی ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک قسەیان کرد و تیشکیان خستە سەر ئەوەی دەوڵەتی تورک لە هەموو سەردەمێکدا رێکەوتنە نیودەوڵەتیەکانی پێشێل کردووە. ئاماژەشیان بەوە کرد کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێ و لە هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەلاندایە و سوود لە بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەردەگرێت.

هۆل

ئەنجومەنی ناوچەی هۆڵیش بە هەمان شێوە بۆ شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک و تاوانەکانی لە دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، رێپێوانێکیان ئەنجامدا. بە سەدان هاوڵاتی ناوچەکە، ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هێزە سەربازیەکان بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد.

لە رێپێوانەکەدا دروشمی ئیدانەکردنی تاوان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک وترانەوە و پانکارتی پشتیوانی بۆ خۆڕاگری و رزگارکردنی عەفرین و ئاڵاکانی قەسەدە و کۆنگرەی ستار بەرز کرانەوە.

ز.ش