به ده‌ستپێكردنی شۆڕشی ڕۆژاڤا ساڵی ٢٠١١ له هه‌رێمی عه‌فرین په‌روه‌رده به زمانی كوردی ده‌ستی پێكرد. له ماوه‌ی ٧ ساڵدا له فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی بگره تا زانكۆ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی كوردی چه‌سپێنرا. به‌ر له داگیركردنی عه‌فرین ٥٠ هه‌زار خوێندكار له هه‌رێمه‌كه هه‌بوون. خوێندكارانی عه‌فرین كه به‌ر له شۆڕش له سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی ڕژێمی سووریا ده‌یانخوێند و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش چوونه نێو سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردنی كوردی، بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوان.
«شه‌رمم له كوردبوونی خۆم ده‌كرد»
خوێندكاری ئاماده‌یی ڕێگاز حه‌مۆ هه‌تا پۆلی شه‌شه‌می له خوێندنگه‌كانی به‌عس خوێندووه و دواتر ده‌ستی به خوێندن له سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی كوردی كردووه. ئه‌و باس له‌وه ده‌كات له سه‌رده‌می ڕژێمدا سیسته‌مێكی تووند له خوێندنگه‌كان هه‌بووه. گوتی: «مامۆستایان له خوێندكارانیان ده‌دا. جنێویان پێده‌دان و ئیراده‌یان ده‌شكاندن. قسه‌كردن به كوردی له خوێندنگه قه‌ده‌غه بوو. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵ بووین و له ماڵه‌كانمان به كوردی قسه‌مان ده‌كرد، نه‌مانده‌زانی قه‌ده‌غه چییه. بۆیه له ناوبڕی وانه‌كاندا له ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانمان به كوردی قسه‌مان ده‌كرد. هه‌واڵیان به مامۆستا ده‌دا كه به كوردی قسه ده‌كه‌م. له‌به‌رئه‌وه مامۆستا لێی ده‌دام، جنێوی پێده‌دام، بچووكی ده‌خستم و وه‌های ده‌كرد مرۆڤ شه‌رم له كوردبوونی خۆی بكات.»
«خوێندنگه كوردییه‌كان جۆشوخرۆشیان هێنا»
حه‌مۆ ئاماژه‌ی به كردنه‌وه‌ی خوێندنگه كوردییه‌كان كرد دوای ده‌ستپێكردنی شۆڕش. گوتی: «له ژیانی خوێندكارانی كورد پڕۆسه‌یه‌كی نوێ ده‌ستی پێكردبوو. سه‌ره‌تا من هه‌ندێك زه‌حمه‌تیم كێشا. له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێندن به زمانێكی دیكه هه‌ندێك زه‌حمه‌ت بوو. به‌ڵام ئه‌و زه‌حمه‌تییه نه‌ما. ئه‌م پڕۆسه‌یه جۆشوخرۆشێكی گه‌وره به ئێمه دا. ئیدی نه‌مده‌ویست له خوێندنگه بگه‌ڕێمه‌وه. ده‌مانویست به‌رده‌وام فێر بین.»
«ئه‌وه‌ی گۆڕا ته‌نیا زمانی په‌روه‌رده نه‌بوو»
حه‌مۆ هێمای بۆ ئه‌وه كرد له سیسته‌می نوێ‌دا مامه‌ڵه‌ی مامۆستایان له‌گه‌ڵ خوێندكاران زۆر جیاواز بووه. گوتی: «وه‌ك هه‌ڤاڵ، وه‌ك دایك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردین. كاتێك كێشه‌یه‌كمان هه‌بوایه، به‌ئاسانی ده‌مانتوانی له‌گه‌ڵ مامۆستاكانمان قسه بكه‌ین. ده‌مانتوانی بۆچوونی خۆمان به‌شێوه‌یه‌كی ئازاد ده‌رببڕین. ئه‌وه‌ی گۆڕا ته‌نیا خوێندن به زمانی كوردی نه‌بوو، به‌ڵكوو ڕێباز، ڕێبازی فكر، ڕه‌فتار و هه‌موو شت گۆڕا. ڕێبازی فێركاری گۆڕا.»
«ده‌وڵه‌تی تورك هێرشی كرده سه‌ر مۆدێلهكهمان»
ڕێگاز حه‌مۆ گوتی، «ده‌وڵه‌تی تورك ده‌یه‌ویست ئیراده و هێزی ئێمه بشكێنێت. بۆیه ده‌ستی به هێرشه داگیركارییه‌كان كرد. ویستی مۆدێلی عه‌فرین كه بوو به نموونه‌یه‌ك بۆ مرۆڤایه‌تی، له‌ناوببات. له‌به‌رئه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه هێرشیان كرد. هێرشیان كرده سه‌ر خوێندنگه‌كانمان و تاڵانیان كردن.»
«به به‌رخۆدان درێژه به په‌روه‌رده‌ی خۆمان ده‌ده‌ین»
حه‌مۆ ده‌ستنیشانی كرد، سه‌ره‌ڕای هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ئاواره‌یی له ناوچه‌ی شه‌هبا، ئه‌وان به پێداگرییه‌كی گه‌وره درێژه به خوێندنی خۆیان ده‌ده‌ن. گوتی: «بێگومان زه‌حمه‌تی ده‌كێشین، كتێب نییه، شوێنی خوێندن هه‌ڵوه‌شاوه. به‌ڵام ئیراده و ڕۆحی ئێمه وه‌ها ده‌كات كه زیاتر خۆڕاگر بین. با دونیا هه‌موو بزانێت كه دانیشتوانی عه‌فرین دڵسۆزی زمان و كولتووری خۆیانن. درێژه‌دان به په‌روه‌رده‌ی خۆمان له‌م فێرگانه ده‌ریده‌خات كه ده‌وڵه‌تی تورك به ئامانج نه‌گه‌یشتووه.»
«سیسته‌می ئه‌وانم قبووڵ نه‌كرد»
سیابه‌ند فه‌قی ٥ ساڵ له فێرگه‌كانی ڕژێم خوێندوویه‌تی. له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش ده‌ربازی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی كوردی بووه كه سه‌ره‌تا به‌نهێنی له ماڵان ده‌درا. هه‌رچه‌نده ڕژێم زه‌ختی له خانه‌واده‌كان ده‌كرد، به‌ڵام ده‌ستیان له‌و هه‌نگاوه به‌رنه‌داوه. ئێستا سیابه‌ند یه‌كێك له هه‌زاران خوێندكاری عه‌فرینه كه له شه‌هبا ده‌چێته قۆناغی ئاماده‌یی.
سیابه‌ند گوتی: «هه‌میشه له ئێمه‌یان ده‌ویست به گوێره‌ی سیسته‌م هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین. به‌ڵام نه‌مانده‌توانی ئه‌مه قبووڵ بكه‌ین. من ئه‌و كاته له گرووپی فۆلكلۆردا بووم. له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانی خۆم ده‌چوومه بۆنه و زه‌ماوه‌نده‌كان. مامۆستاكانم ئه‌مه‌یان بیستبوو. بانگیان كردم و لێیان دام. پێیان گوتم جارێكی دیكه وانه‌كه‌م. ئه‌وه زۆر كاریگه‌ری لێ كردم.»
«سه‌ره‌تا له ماڵان ده‌ستمان به په‌روه‌رده كرد»
ئه‌و خوێندكاره وه‌بیری خسته‌وه كه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شۆڕش له‌نێو عه‌فرین كاروباری په‌روه‌رده به كوردی ده‌ستی پێكردووه. گوتی: «ئه‌و كاته ئێمه له ماڵان به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه په‌روه‌رده‌ی كوردیمان ده‌بینی. ده‌چووینه ماڵی دراوسێكانی خۆمان و به‌نهێنی په‌روه‌رده‌مان ده‌بینی. له‌به‌رئه‌وه‌ی فشاری ڕژێم سه‌خت بوو. كاتێك هه‌ستیان پێكرد په‌روه‌رده‌ی كوردی ده‌بینم، باوكی منیان گرت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش من وازمنه‌هێنا. درێژه‌م به فێركردن و په‌روه‌رده‌ی خۆم دا.»
ئه‌و خوێندكاره گوتیشی، دوای ماوه‌یه‌ك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی شۆڕش، خوێندنگه‌ی كوردی كرانه‌وه و به زمانی خۆمان فێری مێژوو و جوگرافیا بووین.
هێرشی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك
سیابه‌ند فه‌قی باسی له‌وه كرد، به‌هۆی هێرشی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك ناچار بوون ڕوو له ناوچه‌ی شه‌هبا بكه‌ن. گوتی: «له شه‌هبا درێژه به به‌رخۆدانی خۆمان ده‌ده‌ین. په‌روه‌رده‌كه‌مان لێره به‌رده‌وامه. نه ده‌وڵه‌تی تورك، نه ڕژێم ناتوانن ببنه به‌ربه‌ست له به‌رانبه‌ر خوێندنگه‌كانمان.»
«فێری كوردبوونی خۆمان بووین»
خوێندكاری ئاماده‌یی جه‌میله محه‌مه‌د ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات به ده‌ستپێكردنی سیسته‌می په‌روه‌رده به كوردی، ئه‌وان فێری كوردبوون بوون. گوتی: .كاتێك ده‌ستمان به په‌روه‌رده‌ی كوردی كرد، زمانه‌كانی دیكه‌ش لانه‌بران. به عه‌ره‌بی، فه‌ڕه‌نسی و ئینگلیزیش په‌روه‌رده ده‌درا. ئێمه له سیسته‌می لێدان، جنێو و بچووكخستن-ه‌وه ده‌ربازی سیسته‌مێكی زۆر جیاواز بووین. له‌نێو ئه‌م سیسته‌مه‌دا گرنگترین شت یه‌كسانییه. مامۆستاكانمان زۆر باش مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان ڕه‌فتارمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.»
جه‌میله گوتیشی، «ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر پێی وایه عه‌فرین له ده‌ستمان چووه. به‌ڵام عه‌فرین له‌ده‌ست نه‌چووه. له دژی زۆرداری و كۆیلایه‌تی ئێمه سه‌رده‌كه‌وین.»
درێژه‌ی هه‌یه...
s.m
په‌روه‌رده و فێركردن به‌ر له داگیركردنی عه‌فرین - ١