گەنجانى شۆڕشگێڕ لە شەهبا گۆشەگیریى سەر ئۆجالانیان ئیدانەکرد

گەنجانى شۆڕشگێڕ لە هەرێمى شەهبا گۆشەگیریی سەر ئۆجالانیان ئیدانەکرد و نیگەرانیى خۆیان لەبارەى کەوتنەوەى ئاگر لە ئیمراڵی خستەڕوو.

ئەندامانی بزووتنەوەى گەنجانى شۆڕشگێڕی عەفرین لە شەهبا لەبارەى گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ و کەوتنەوەى ئاگر لە ئیمراڵی نیگەرانیی خۆیان خستەڕوو. عاکیف ئەحمەد بە ناوی بەڕێوەبەریی گەنجانى شۆڕشگێڕ لە شەهبا وتی "ئەو ئاگرەى لە دوورگەى ئیمراڵی کەوتووەتەوە، بەردەوامیی پیلانگێڕییە. ئامانجیشیان ئەوەیە پرۆژەى نەتەوەى دیموکراتیک لە سوریا سەرنەکەوێت. ئێمەى گەنجانى شۆڕشگێڕ تاوەکو دوا دڵۆپی خوێنمان بۆ زرگاریى رێبەر ئاپۆ و بۆ هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتى تورک تێدەکۆشین".

گوڵستان مامۆ ئەندامی بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ رایگەیاند "ئەو کردارانەى ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێن نیشانەى ئەوەیە دەوڵەتە کاپیتالیستەکان شەڕیان لە دژی گەلی کورد و بەگشتى لە دژی گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەردەوامی پێدەدەن. ئێمەی گەنجانى شۆڕشگێڕ هەموو کات لەسەر فیکر و فەلسەى رێبەر ئاپۆین و بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ تێکۆشان و بەرخودانى خۆمان بەردەوامی پێدەدەین".

محەمەد وێس هاوسەرۆکى یەکێتیى گەنجان و وەرزش رایگەیاند، پیلانگێڕیی سەر رێبەر ئاپۆ بەردەوامیى هەیە و وتى "ئێمەی گەنجانى شۆڕشگێڕ رێبەر ئاپۆ بۆ خۆمان بە رەمز و سیمبول دەزانین. بە فیکر و رامانى ئۆجالان مانای ژیان خوڵقا، چونکە فیکر و فەلسەفەى رێبەر ئاپۆ هەموو جیاوازییەکان لە خۆیدا دەحەوێنێتەوە و پرۆژەى نەتەوەى دیموکراتیکە".

ژ.ت