یه‌كینه‌كانی دژه‌تێرۆری ڕۆژاڤا هێرشێكی تێرۆریستییان پووچه‌ڵ كردووه‌

یه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند، ئه‌ندامانی یه‌كینه‌كانی دژه‌تێرۆر (YAT) ڕۆژی ٤ی تشرینی یه‌كه‌م\١٢ی ڕه‌زبه‌ر به‌ هه‌ڵمه‌تێكی تایبه‌ت له‌ شاری حه‌سه‌كه‌ ڕێگرییان له‌ هێرشێكی تێرۆریستی گرتووه‌ دژی یه‌كینه‌كانیان و پیلانه‌كه‌یان پووچه‌ڵ كردووه‌ته‌وه‌.

یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد، هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی یه‌كینه‌كانی دژه‌تێرۆر (YAT)ی سه‌ر به‌ یه‌په‌گه‌ هه‌وڵی چه‌ند كه‌سانێكی نه‌ناسراویان پووچه‌ڵكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ مینێك به‌ ئۆتۆمبێلی هێزه‌كانیاندا بته‌قێننه‌وه‌.

یه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند: «ڕێكه‌وتی ٤ی تشرینی یه‌كه‌م\١٢ی ڕه‌زبه‌ر كاتژمێر ٧-٨، له‌ لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه له‌ حه‌سه‌كه‌‌ مینێك بۆ ئۆتۆمبێلێكی سه‌ر به‌ هێزه‌كانمان دانراوه‌. دوای ئه‌وه‌ی یه‌كینه‌كانمان شوێنی مینه‌كه‌یان ئاشكرا كرد، ده‌سته‌ی پسپۆڕی ته‌قه‌مه‌نی خۆیان گه‌یانده‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و مینه‌كه‌یان پووچه‌ڵ كرده‌وه‌. هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ هیچ زیانێكی مادی و گیانی لێنه‌كه‌وته‌وه‌. له‌ دوای پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مینه‌كه‌، به‌ ئامانجی گرتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی مینه‌كه‌یان جێگیر كردووه‌، هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنین ده‌ستی پێكردووه‌. جگه‌ له‌و بۆمبه‌ی پووچه‌ڵ كراوه‌ته‌وه‌، ده‌ست به‌سه‌ر ٣كیلۆ گرام ته‌قه‌مه‌نی و كه‌لوپه‌لی ته‌قه‌مه‌نی و ته‌له‌فۆنێكدا گیراوه‌.»

s.m