١٨ی کانوونی یەکەم وەکو وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاریکرا

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی ١٨ی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ٢٠٢٣ وەک وادەی بەڕێوەچوونى پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاریکرد.

ئێوارەی ئەمرۆ سێ-شەممە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران رێکەوتی ١٨ی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ وەک وادەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دیاریکرا.

دوو رۆژ لەومەبەر عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو: :لە رێکەوتی ١٣ی تەمموزی ئەمساڵ خشتەی کاروبارەکان دەست پێدەکات و هەر لەو مانگەدا لیستی دەنگدەران نوێ دەکرێتەوە دەرگای تۆماری کاندیدەکانیش دەکرێتەوە".