٢٥ پارێزەر: پێویستە ڕێگە لە تاوانبارکردنی کوردان لە سوید بگیرێت

٢٥ پارێزەر و مافناس لە سوید داوا دەکەن فشاری سیاسی سەر کوردان و ڕێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکان ڕابگیرێت.

٢٥ پارێزەر و مافناسی سویدی پەیوەست بە تاوانبارکردنی کوردان لەلایەن سێرڤسی نهێنی سویدی ساپۆ (سێرڤسی ئاسایشی سوید) ڕاگەیاندراوێکی نوسراویان بڵاوکردەوە، ڕایدەگەیەنن کاری ساپۆ لە ڕێ دەرچووە و لە "دادگایی کافکا"* دەچێت کە لەنێو سیستەمێکی یاسایی و مۆدێرن و وڵاتێکی دیموکراتیکدا نابێتەوە، دووپاتی دەکەنەوە ئەرکی سەرەکییان "پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتیەکانە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا چەوساندنەوەی سیاسی کوردان لە سوید بەڕێوەدەچێت، چەند ساڵە دەزگای ئاسایشی سودی کوردان تاوانبار دەکات و بە بڕوای ئێمە ساپۆ لە کاری خۆی لایداوە دەڵێت: "هەڵوێست و چالاکییە سیاسییەکانی کوردان چەند ساڵێکە لەلایەن ساپۆوە وەک "تیرۆریزم" ناودەبرێت".

پارێزەران داوا دەکەن ستەمی سەر کوردان لەسەر داخوازی دەوڵەتی تورک بوەستێنرێت، دەڵێن: "تورکیا وڵاتێکە چەندین جار بەهۆی پێشێلکردنی پەیماننامەکانەوە، لەلایەن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە شەرمەزارکراوە. بەشێوەی میزاجی هەزاران پارێزەر و ڕۆژنامەوان و سیاسەتمەداری دەستبەسەر کردووە".

پارێزەران جەخت دەکەنەوە ئەوەی لە سوید بەرامبەر کوردان ئەنجام دەدرێت، ئایندەیەکی تاریمان پیشان دەدەن، خەریکە لە سویدیش هاوشێوەی تورکیا هەموو کوردێکی پارێزەری ناسنامەکەی وەک تیرۆریست دەناسێنرێت. هەروەها ئەوانەی پاساوی لایەنگری پەکەکە دەدرێتە پاڵیان وەک مەترسی بۆ سەر وڵات دەبینرێن، هاوکات ئاستەنگ بۆ کارکردنی گەنجانی کورد دروست دەکرێت.

پارێزەران ڕەتی دەکەنەوە پەکەکە مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی سوید، دەڵێن: "شایەنی باسکردنە، لە ساڵی ٢٠١٧ پاش ١١ ساڵ پرۆسەی یاسایی، دادگای بەلژیکا بڕیاریدا کە پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نەناسێنێت.

بۆیە ئەو هێزە ئەمنییانەی دەڵێن کەسانی سەر پەکەکە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، پێدەچێت پێچەوانەی قسەکەیان ڕاست بێت. تا چەند ساڵی ڕابردوو، کوردان ئەکتەری سەرەکی بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا وەها نرخاندنیان بۆ دەکرا".

داوا دەکەن لەبری تاوانبارکردنی کوردان، سوید هاندەری پرۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورکیا بێت و دەڵێن: "تاوانبارکردنی کوردان و ڕێکخراوەکانی پشتگیری چارەسەر ناکات، بەپێچەوانەوە کێشە دەئافرێنێت.

هەمووان ئازادن لە قسەکردن و خۆپیشاندان و دامەزراندنی کۆمەڵە، ئەمە ماف و ئازادی بنەڕەتیین".

جەخت دەکەنەوە ئەرکی سەرەکیان وەک مافناس و پسپۆڕی یاسایی پاراستنی مافی هاوڵاتیانە و دەڵێن: "کاری هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر کوردان و ڕێکخراوەکانیان، پێشێلکردنی ئەم ماف و ئازادییانەیە و بۆیە دەبێت بوەستێنرێن".  

* (دادگایی کافکا، یەک لە ڕۆمانە هەرە بەناوبانگەکانی کافکایە لەسەر کاراکتەری جۆزێف ک.، تێیدا کارەکتەرەکە بە هۆکارێکی نادیار و بە بڕیاری کەسی دادگایی دەکرێت و ڕادەگیرێت. لە تەواوی ڕۆمانەکەدا سیستەمی یاسایی تا دێت زیاتر و زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت).