٥٣ساڵ بەسەر تیرۆرکردنى سولەیمانى موعینى و خەلیل شەوباش دا تێپەڕی

٥٣ ساڵ لەوە پێش سولەیمان موعینی یەكێك لە سەركردە دیارەكانی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بە سەرۆکایەتیى مەلا مستەفا بارزانی تیرۆركرا و تەرمەكەیان رادەستی ساواک و حكومەتی پاشایەتیى ئێران کردەوە.

حكومەتی داگیرکەری پاشایەتیی ئێران وەک داگیرکەرەکانى تری کوردستان هەموو مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان زەوتكردبوو. گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بە بەدەستهێنانی مافەکانى لە دژی رژێمى پاشایەتی دەستی بە تێکۆشان کرد. چەندین کەسایەتى و پێشەنگی شۆڕشی ئەو سەردەمە لە دواى کۆماری کوردستان خۆیان رێکخستەوە و بزووتنەوەیەکى بەربڵاو و بەرفراوانیان لە دژی رژێمى داگیرکەری ئێران دروستکرد و سەدان رۆڵەی گەلی کورد بەشدارییان لەو بزووتنەوەیەدا کرد.

بەهۆی هەوڵی ئەو تێکۆشەرانەوە لە ساڵانى ١٩٦٧ بۆ ١٩٦٨ بە پێشەنگایەتیى سولەیمان موعینی (ناسراو بە فایەق ئەمین)، مەلا ئەحمەد شەڵماشی (ناسراو بە مەلا ئاوارە)، ئیسماعیل شەریفزادە، محەمەد ئەمین سیراجی، قادر شەریف، خەلیل مستەفازادە (ناسراو بە خەلیل شەوباش) و.. هتد بزووتنەوەیەکى بەرفراوانیان بۆ ئازادیی رۆژهەڵاتى کوردستان و بەدەستهێنانى مافەکانى گەلی کورد دامەزراند.

جموجوڵ و چالاكیی ئەو پۆلە لە شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی كوردستان رژێمی پاشایەتی ئێرانی رووبەرووی قەیران كردبووە. هێزە جۆراجۆرە شۆڕشگێڕەکانى ئەو سەردەمە هەستیان بە گەورەیی و بەهێزیی ئەو بزووتنەوەیە کرد و دەستیان بە پشتیوانیکردن لەو بزووتنەوەیە کرد و ژمارەیەک لە پێشەنگەکانى خۆیان رەوانەى کوردستان کرد بۆ ئەوەى پشتیوانى لەو تێکۆشانە بکەن. یەکێک لەو کەسایەتییانەش کوروش لاشایى بوو.

رژێمى داگیرکەری پاشایەتیى ئێران بۆ لەناوبردن و پاکتاوکردنى ئەو بزووتنەوەیە دەستی جموجوڵ و هاندانی سیخوڕەکان و بەکرێگیراوەکانى کرد بۆ ئەوەى ئەو بزووتنەوەیە لەناو ببەن. ئەو شۆڕشگێڕانەى رۆژهەڵات هەر وەک هەموو بزووتنەوەکانى تر لەلایەن ژمارەیەکى بەرچاو لە کەسایەتى و خەڵکی باشووری کوردستانەوە پشتیوانییان لێدەکرا و بەو هۆیەشەوە بۆ رێکخستنى کارەکانیان لەباشووری کوردستانەوە دەستیان بە جموجوڵ و خۆرێکخستنەوە کرد. هاوکاتیش هەموو جۆرە هاوکارییەکیان پێشکەشی شۆڕشی باشووری کوردستان دەکرد و لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە هاوکاریى بەردەوامیان بۆ شۆڕشەکەى باشووری کوردستان کۆدەکردەوە و پێشکەشی ئەو شۆڕشەیان دەکرد.

ئەو پشتیوانییەی باشوور و یەکگرتوویى تێکۆشەرانى باشوور و رۆژهەڵات لەو سەردەمەدا بە تەواوەتی رژێمى پاشایەتیى تەنگاوکردبوو، بۆیە لە رێگەى ساواک و بەکرێگیراوەکانییەوە پەیوەندیى بە سەرکردایەتى شۆڕشی ئەیلول بە سەرۆکایەتیى مەلا مستەفا بارزانییەوە کرا و داوایان لێکردن ئەو کەسانە بکوژن، یان دەستگیریان بکەن و رادەستى ئێرانیان بکەنەوە.

بارەگای بارزانی بەهۆی وەرگرتنى پارەى بەردەوام لە ساواک و رژێمى ئێران و بەهۆی ئەو پشتیوانیانەى رژێمى داگیرکەری ئێران لێى دەکردن، بە خێرای لە دژی شۆڕشگێڕانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەستبەکاربوون و لە رێگە پیاوەکانیانەوە دەستیان بە پیلانگێڕی کرد و تەونی سیخوڕییان بەسەر کار و چالاکیی ئەو شۆڕشگێڕانەوە دروستکرد و چەندین پروپاگەندەشیان لە دژی ئەو تێكۆشەرانەی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوكردەوە.

پارتی لەو سەردەمەدا جەنگی لە دژی تێکۆشەرانى رۆژهەڵاتى کوردستان راگەیاند و بە کردەوە چەندین کەسایەتى و شۆڕشگێڕی ئەو سەردەمەى رۆژهەڵاتى لەسەر داواى رژێمى پاشایەتیى ئێران و ساواک تیرۆرکرد.

سولەیمان موعینى کە یەکێک لە پێشەنگە دیار و بەرچاوەکانى ئەو بزووتنەوەیەى ئەو سەردەمە بوو راستەوخۆ لەلایەن پارتی و بارزانی و ساواکەوە کرایە ئامانج.

لەو کاتەدا سولەیمان موعینی و خەلیل شەوباش دەیانخواست لە سلێمانییەوە بەرەو رۆژهەڵاتى کوردستان بڕون. رێگاکەیان بە ناوچەی سیتەکی سلێمانى تێدەپەڕی. پارتی لە رێگەى سیخوڕێکییەوە کە خەڵکی گوندی تەگەران بوو و نای قالە تەگەرانی لە سیتەک و لە رێگەى مولازمێکى حیزبەکەیەوە بە ناوی مولازم سدیق ئەفەندی بەپێی بەرنامەیەکى پێشوەختە بۆسەیەکیان بۆ سولەیمان موعینى و خەلیل شەوباش دانا و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا دەستگیریانکردن. لەسەر داواى بارەگای بارزانى هەر لەوێدا خەلیل شەوباش بە بەرچاوی سولەیمان موعینى-یەوە تیرۆر دەکەن و سولەیمان موعینی-یش بەرەو سەركردایەتیی شۆڕشی ئەو كات دەبەن.

سولەیمان موعینی لە سەركردایەتیی شۆڕشدا چەندین سوكایەتیی پێكرا و زۆر هەوڵیاندا بیكەنە پیاوی دەستەمۆی خۆیان، بەڵام سەرباری هەوڵە بەردەوامەكانی كەسە نزیكەكانی بارزانی، موعینی خۆڕاگریی كرد و خۆی نەدا بە دەست داواكەیانەوە.

بەپێى نوێترین بەڵگەنامە کە رۆژنامەنووس حەسەن قازی بڵاویکردووەتەوە، سەرجەم ئەو لێکۆڵینەوانەى لەبارەگای بارزانى و سەرکردایەتى پارتی دا لەگەڵ سولەیمانى موعینى ئەنجامدراون راستەوخۆ بۆ دەزگاى سیخوڕیى ئەو کاتی ئێران بەناوی ساواک-ەوە نێردراون و هەموو زانیارییەکانیان لەسەر شۆڕش و جموجوڵی تێکۆشەرانى رۆژهەڵاتى کوردستان رادەستى رژێمى داگیرکەری پاشایەتیى ئێران کردووە.

لەو لێکۆڵینەوانەدا کە لەگەڵ سولەیمان موعینی دا کراون، شۆڕشی رۆژهەڵاتى کوردستان بە ئاژاوەنانەوە ناوبراوە و لێکۆڵەرەکانى سەرکردایەتى پارتی و بارەگای بارزانى لە چەندین شوێن دا جەختیان لەوە کردووەتەوە ئەوەى سولەیمانى موعینى و هاوڕێکانى ئەنجامی دەدەن کاری ئاژاوەنانەوەیە و هەموو کارێکیان لە دژی رژێمى پاشایەتى زیانى بۆ پارتی و بارزانى دەبێت، بۆیە زۆر هەوڵیانداوە رێگری لە هەموو جوڵەیەکى ئازادیخوازانەى گەلی رۆژهەڵات بگرن.

لە دوای شكستی هەوڵی لێکۆڵەرەکانى پارتی و بارزانى لە رۆژی ١٥ی ئایاری ١٩٦٨ / ٢٥ی گوڵان (بانەمەڕ) سولەیمانى موعینى لەسەر فەرمانى بارەگای بارزانى و سەرکردایەتیى پارتی تیرۆر دەکرێت و بە خێرایی تەرمەکەی رادەستی جەنەراڵ بەیاتی بەرپرسی دەزگای ساواكی ئێران دەکەنەوە. ئەو جەنەراڵە ئێرانییەش تەرمەكەی موعینی لە شنۆ و پیرانشا و مەهابادا بە بەرچاوی خەڵكدا دەگەڕێنێت، بەڵام لە دوای چەند رۆژ بەهۆی ناڕەزایەتیى خەڵکی رۆژهەڵاتى کوردستانەوە رژێمى ئێران ناچار دەبێت تەرمەکە رادەستى بنەماڵە و کەسوکاری موعینى بکاتەوە. خەڵكی مەهاباد و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لە رێوڕەسێمكی جەماوەریدا تەرمەكەیان لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی مەهاباد دا بە خاكسپارد.

تیرۆركردنی كوردە تێكۆشەرەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تەنها بە تیرۆركردنی ئەو سەركردەیە كۆتایی پێنەهات و هەر یەك لە مەلا ئاوارە و سەدیق ئەنجیری ئازەر و چەندین سەركردە و شۆڕشگێڕی تری رۆژهەڵات لەو ماوەیەدا لەلایەن پارتییەوە تیرۆركران، كە ژمارەیان بە زیاتر لە ٧٠ كەس دەزانرێت. پارتی بەو کردەوە تیرۆریستییانەیە بۆ ماوەیەک رێگری لە هەستانەوەى شۆڕشی رۆژهەڵاتى کوردستان کرد. تەنانەت دواى ئەوەى رژێمى پاشایەتیى ئێران رووخێنرا پارتییەکان لە کاتی قیادە موەقەتدا چەندین شەڕیان لە دژی كوردانی رۆژهەڵاتی بەرپاكرد و چەندین ناوچەیان بۆ رژێمى کۆماری ئیسلامیى ئێرانی لە دەست پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەرهێنا و رادەستى سوپاى پاسدارانیان کرد.

ک-ش