ڕاپۆرتی وان: پۆلیس توندوتیژی و گاز و فیشەکی لاستیکی بەکارهێناوە

ناوەندی مافی مرۆڤی سەندیکای پارێزەرانی وان، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی ڕاپۆرتی وانیان ئامادە کرد، ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکان لە کاتی چالاکییەکانی دوای هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی وان.

ڕێکخراوە یاساییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پەیوەست بە چالاکییەکان دوای زەوتکردنی مافی عەبدوڵا زەیدان کە لەلایەن گەلەوە وەک هاوسەرۆکی شارەوانی وان هەڵبژێردرا، پێشێلکارییەکانیان ئاشکرا کرد.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە دەستوردانی پۆلیسدا گاز و ئاوی توند و فیشەکی لاستیکی بەکارهاتووە و هاوڵاتیان برینداربوون و زۆر کەس دەستبەسەرکراون.

جەختکراوەتەوە پۆلیس هێزێکی زۆریان بەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاکوانان بەکارهێناوە، هێزەکانی ئاسایش بینای دەم پارتیان گەمارۆداوە و دەستوەردانیان لە خۆپیشاندان کردووە و بوونەتە هۆی برینداربوونی هاوڵاتیان.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، لە ڕێپێوانی هاوسەرۆکی شارەوانی وان عەبدوڵا زەیدان و گەلدا، چەندین کەس ڕووبەڕووی لێدان و دەستبەسەرکردن بوونەتەوە.

سەرۆکی لقی وانی ئیهەدە محەمەد ساڵەح جۆشکون ڕایگەیاند ئەم کارانە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی دیموکراتیک کراون. هەروەها جەختکرایەوە لە ڕۆژانی داهاتوو، ڕاپۆرتی فراوانتر دەربارەی ڕووداوەکان دەخەنەڕوو.