بۆ دەرهێنانی ناوی په‌كه‌كه‌ له‌ "لیستی تیرۆر" له وڵاتی‌ ئیكوادۆر واژۆ كۆكرایه‌وه‌

له‌ شاری كیتۆی پایته‌ختی ئیكوادۆر له‌ ئه‌مریكای باشور له‌ پێناو ده‌رهێنانی په‌كه‌كه‌ له‌ لیستی ' رێكخستنه‌ تیرۆریستیه‌كان'ی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا، واژۆ كۆكرایه‌وه‌.

ده‌ستپێشخه‌ری دادپه‌روه‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ كوردان بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ ناو لیسته‌كه‌ ده‌ربهێنرێت له‌ كیتۆی پایته‌ختی ئیكوادۆر سه‌كۆ و ستاندی كۆكردنه‌وه‌ی واژۆی دانا.

له‌سه‌ر ئه‌و سه‌كۆیانه،‌ كه‌ له‌ لایه‌ن کۆمەڵەى هەرەوەزیی دیستیل مارگین (هەرەوەزیی لە پەراوێزەوە / Kolektiva Desde El Margen) دانراوه‌ و بۆ ده‌رهێنانی ناوی په‌كه‌كه‌ له‌ لیسته‌كه‌ واژۆ كۆده‌كرێته‌وه‌.

سه‌كۆیه‌ك له‌ به‌رده‌م پێشانگای كتێب له‌ كۆشكی كارۆندالتێ دانراوه‌ و یه‌كێكی تریش له‌ شه‌قامی رێین ڤیكتۆریا دانراوه‌.

دوێنێ شه‌ممه‌ واژۆ كۆكرایه‌وه‌ و ئەمڕۆش یەکشەممە سه‌كۆكان كراوه‌ ده‌بن بۆ بەردەوامیدان بە کۆکردنەوەى واژۆکان.

ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ واژۆ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ باس له‌ سته‌م و ناداپه‌روه‌ری به‌رامبه‌ر به‌ كوردان بۆ هاووڵاتییان و چالاکوانان و کەسایەتییەکان ده‌كه‌ن.

ژ.ت