باقرخان: گەلی وان خاوەنی ئێرەن، ئێوە دەڕۆن
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە چالاکی شەرمەزارکردنی دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەلی وان، گوتی: "گەلی وان خاوەنی ئێرەن. ئێوە لێرە دەڕۆن، قەیومی دز و گەندەڵ دەڕۆن".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە چالاکی شەرمەزارکردنی دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەلی وان، گوتی: "گەلی وان خاوەنی ئێرەن. ئێوە لێرە دەڕۆن، قەیومی دز و گەندەڵ دەڕۆن".
ناڕەزایەتییەکان دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی وان و دانانی قەیوم، سەرەڕای توندوتیژی و فشاری پۆلیس لە وان بەردەوامە.
ڕێپێوانی ئەمڕۆ لەبەردەم بینای دەبەپە دەستی پێ کرد و تا شەقامی جمهورییەت بەردەوام بوو.
هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری و هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون.
کەسانی دەوربەر بە چەپڵە و درووشم پشتگیری چالاکوانیان کرد.
پۆلیس ڕێگەی نەدا گەل و هاوسەرۆکان بگەن بەیەک و کۆببنەوە، گەل دژی ئەمە ناڕەزایەتی نیشاندا، پۆلیس هێرشی کردە سەر چالاکوانان و چەندین کەسیان دەستبەسەر کرد.
تونجەر باقرخان هێرشی پۆلیسی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند لە زۆربەی شارەکانەوە پۆلیسیان هێناوەتە وان، گوتی: "مەگەر وان شارێکی تورکیا نییە؟ ئەگەر ئەمە ناوی داگیرکاری نەبێت، ئەی چییە؟".
باقرخان ڕایگەیاند دەبێت دەسەڵات دەست لەم سیاسەتە هەڵبگرێت، بە دانانی قەیوم و دەستبەسەراگرتنی ئیرادە ناتوانن گەلی کورد بوەستێنن، گەلی وان هەرگیز ڕێگە بە نادادی و ناهەقی نادات، گوتی: "وان شکست ناهێنێت و ناوەستێنرێت و هەرگیز قەیومی دز قبووڵ ناکات. ئەو قەیوم و پۆلیسانەی لە دیلۆک و گوموشانە و قەرس و ئەردەهانەوە هێنراونەتە ئێرە، شتێکی کاتییە، ئەوان دەبێت بڕۆن. بەڵام گەلی شکۆمەندی وان کە هەزاران ساڵە لێرە دەژین، خاوەنی ئێرەن. ئێوە دەڕۆن، قەیومی دز و گەندەڵ دەڕۆن".