باقرخان: پێویستە بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بگاتە هەموو گەلان

تونجەر باقخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند: "پێویستە بیرۆکەکانی بەڕێز ئۆجالان بگاتە هەموو گەلانی تورکیا، کرێکار، هەڤاڵ و هاوڕیانمان. بۆ ئەوەی لەلایەن گەلانەوە ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەست بێت، هەل و دەرفەت هەیە و پێویستە بەکار بهێندرێن."

١٣هەمین کۆبوونەوەی گشتی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) بەردەوامە. لە کۆبوونەوەکە هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان قسەی کرد و ڕایگەیاند: "نازانم دامەزراوەیەکی تر وەک هەدەکە لە جیهاندا هەیە یان نا، بەڵام زۆر بەگرنگی دەبینم. ئەوانەی ئەمڕۆ زۆرترین بەرخۆدان دەکەن ئەوانەن کە ئاوی هەدەکەیان خواردووەتەوە."

   باقرخان ئاماژەی بەوەشکرد کە هەدەکە ئەو لایەنە جیاجیایانەی کۆمەڵگا کە لەبەر چاو ناگیردرێن بەڕێکخستن دەکات بۆیە زۆر گرنگە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "پێمان وایە ئەگەر هەدەکە خۆی بە باشی بەڕێکخستن بکات بۆ وڵاتێکی دیموکراتیک و تێکۆشانێکی نەتەوەیی زۆر سوودبەخش تر دەبێت. هەروەها دەتوانێت پێش بە تاڵانی ئیکۆلۆژی و قەیرانی ئابووری و کۆمەڵکوژی ژنان بگرێت. بۆیە دەبێت زیاتر خۆمان بەڕێکخستن بکەین و پێکەوە تێکۆشانمان بەرز بکەینەوە."

  باقرخان لە درێژەی وتارەکەیدا وتی: "سیستەم بۆ ئەوەی خۆی لە سەر پێ بهێڵێتەوە بەردەوام شەڕ دەخوڵقێنێ، دۆخی ئێستا چەندە قەیرانە ئەوەندەش دەتوانێ دەرفەتێک بێت، بۆ چارەسەری کێشەکان. بۆ ئەوەی نەکەوینە ناو شەڕ و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دەبێت  پرسی کورد چارەسەر بکرێت، گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت و بۆ ئەوەی بەڕێز ئۆجالان بتوانێت لەگەڵ هەڤاڵانیدا کۆببێتەوە. ڕوونە کە دەسەڵاتدارانیش بە پێی خۆیان ئەمە هەڵدەسەنگێنن. با بینین ئایا گفتوگۆکانی ئەم دواییە سوودبەخش دەبن یان دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەکە. وا نیشان دەدەن کە پرۆسەیەکی نوێ دەستی پێکردبێت، بەڵام پرۆسەکە لە نێوان لایەنەکاندا ماوەتەوە. پێویستە گەل ببینن کە لایەنی بەرامبەری پرۆسەکە چی دەڵێت و قسەو مەرجەکانی ببیستن. بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو شتێک بە ڕێبازی دەسەڵاتداریی تورک بەڕێوە چووە، ئەمەش وەک خۆیەتی. هەندێک شت بە گوێرەی خۆیان باس دەکەن. بۆیە ئەم باسە هێشتا پرۆسەیەک نییە، بەڵکو دەمانەوێت بیکەین بە پڕۆسە. ئێمە دەمانەوێت گرنگترین پرس، پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئێمە و هەدەکە بۆ ئەم بەرپرسیاریەتە ئامادەکاریمان هەیە. نازانم دەگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی وا یان نا، بەڵام دەسەڵات لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە خۆیان بۆ ئەمە ئامادە کردووە ناچێتە ناو دیالۆگەوە.  دیسان دەڵێم، پێویستە بیرۆکەکانی بەرێز ئۆجالان بگاتە هەموو گەلان. بۆیە دەڵێین پێویستە ئەم دەرفەتەی بەدەست هاتووە بەکار بێنین."

باقرخان سەرنجی بۆ سەر ئەو قسەوباسانەی کە لە چوارچێوەی پرسی کورد و گوشارەکانی بەردەمی ڕاکێشا و وتی: "ئێوە باسی پڕۆسەیەک دەکەن، بەڵام لەلایەکی ترەوە گوشار دەخەنە سەر لایەنی بەرامبەر. ئەمەمان بە دانانی قەیوم لە ئەسەنیورت بینی. ئەگەر پرۆسەکە بەم شێوەیە بەڕێوەبچێت، هیچ ئەنجامێکی نابێت. بۆیە بانگەوازی لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەم؛ ئێوە ناتوانن بە دانانی قەیوم لە شوێنی ئیرادەی گەل درێژە بەم باسانە بدەن. ئێمە کەسانێکی وەها نین کە باوەڕمان بەم سیاسەتی چەواشەکاری هەبێت. بۆیە دەمەوێت بەرپرسان ئاگادار بکەمەوە. بۆچی دەستتان بەم قسەو باسانە کرد، بۆچی ئەم سیاسەتە گەڵاوە پەیڕەو دەکەن؟".