به‌مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد داواكاریی پێشكه‌ش كرا

پارێزه‌رانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن چاویان به‌ موه‌كیله‌كانیان بكه‌وێت، کە ماوەی ٢٩ مانگە ناتوانرێت ھیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە وەربگیرێت، داواكارییه‌كی نوێیان پێشكه‌ش كرد.

هه‌ریه‌ك له‌ ئیبراهیم بیلمه‌ز، ڕازیه‌ ئۆزتورك، عیمران ئه‌مه‌كچی، جه‌نگیز یوره‌كلی له‌ پارێزه‌رانی نووسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن دیدار له‌گه‌ڵ موه‌كیله‌كانیان ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان، عومه‌ر خه‌یری كۆنار، حامیلی یه‌ڵدرم و وه‌یسی ئاكتاش ئه‌نجام بده‌ن، سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ داواكاری گشتیی كۆماری بورسا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زیندانی ئیمراڵی-یان كرد.

له‌ ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ه‌وه‌ تا ئێستا، هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان وه‌رنه‌گیراوه‌.

پارێزه‌ران به‌مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، هه‌فته‌ی دوو جار داواكاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان نادرێته‌وه‌.

لە ماوەی ١٢ ساڵدا، تەنها ٥ جار پارێزەران توانیویانە موەکیلەکەیان ببینن

نوسینگەی یاسای سەدە ڕۆژی ٧ی ئاب لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەڕێز ئۆجالان لە سیستمێکی ئەشکەنجەداندایە، کە هاوشێوەی لە مێژوودا نییە، ئێمە بانگ لە ڕایگشتی دیموکراتیک دەکەین ئاگاداری ئەو بابەتە بن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھەروەھا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، تەنها ٥ جار پارێزەران توانیویانە دیداری لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام بدەن، دوایین دیداریش لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ ئەنجام دراوە و ٤ ساڵ بەسەر ئەو دوادیدارەدا تێپەڕیوە".

ژ.ن