، بەهۆی گەندەڵیەوە بەڕێوەبەری سندووقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەبەری سندووقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە پۆستەکەی دووردەخاتەوە بەهۆی تێوەگەڵاندنی بە گەندەڵیەوە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا محەمەد ھاشم بەڕێوەبەری سندووقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، وتەبێژی حکومەتیش دەڵێت، ئەو ھەنگاوە لە چوارچێوەی رێکارەکانی حکومەتە دژی گەندەڵی.

باسم عەوادی، ووتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێکارەکانی حکومەت لە لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکھێناوە، کە ژمارەیەک پێشنیازی ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.

ئەو ووتەبێژەی حکومەتی عێراق راشیگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو پێشنیازانەدا کۆتاییان ھێناوە بە راسپاردنی محەمەد ھاشم لە بەڕێوەبردنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕی داعش و سەعد فەیسەڵ ئەمین جبووری دەبێتە جێگرەوەی محەمەد هاشم.

بە ووتەی باسم عەوادی، حکومەتی عێراق بەرنامەیەکی گشتگیریی بۆ چاکسازیی لە بەڕێوەبردنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان ھەیە و فەرمانبەر و کاربەدەستە کەمتەرخەکان، بەھۆی بەھەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی لە پۆستەکانیان دووردەخاتەوە.