لە شاری زیوریخی سویسرا، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و بزووتنەوەی ژنانی تێکۆشەر، ڕێپێوانێک ئەنجامدرا لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی.
ڕێپێوانەکە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "جەنگی ئازادی سەربخەن" لە هێلڤیتیا پلاتزا، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان دەستیپێکرد.
هێڤی ئامەد بەناوی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و بزووتنەوەی ژنانی تێکۆشەر، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و گوتی: " ئێمەی گەنجان کە لەدەوری ئایدیاکانی ڕێبەر کۆبووینەتەوە، بەرپرسیارێتی سەرەکیمان شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستییە".
هەروەها گوتی: "ئێمەی گەلی کورد و بەتایبەت گەنجان تا بەدیهاتنی ئەنجامی هەڵمەتی "جەنگی ئازادی سەربخەن" لە گۆڕەپانەکان دەبی، بەرپرسیارێتی مێژوویمان بەدی دەهێنین و ڕێبەر و گەلەکەمان و کوردستان ئازاد دەکەین".
هەروەها ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی تێکۆشەر، یارا ئەمین، ڕاگەیاندراوەکەی بە زمانی ئەڵمانی خوێندەوە، پاشان کوردستانیان بە گوتنەوەی درووشم بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرەو ناوەندی شارەکە چوون. سەرەڕای بارانی بەخووڕ، بەڵام جەماوەر بەردەوامبوون لە ڕێپێوان. جەماوەر لە شوێنە قەرەباڵغەکانی شار دەوەستان و زانیاریان لەبارەی گۆشەگیرییەوە دەبەخشی.
مەراسیمەکە لە لە هێلڤیتیا پلاتزا بە گوتنەوەی درووشم کۆتایی هات.