بەرخۆدانی ئەمینە شەنیاشار لەبەردەم وەزارەت بەردەوامە

ئەمینە شەنیاشار لەبەردەم وەزارەتی داد ئێشکگری دادپەروەری ئەنجام دەدات، گوتی: "کوڕەکەمیان لە نەخۆشخانە کوشت، کوڕەکەی دیکەمیان خستە زیندانەوە، لە ترسا دەرگاکان دادەخەن".

رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨، کەسوکار و پاسەوانەکانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە لە ڕحا، لە ناوچەی پیرسوس هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لەو هێرشەدا هاوژین و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران. ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیاشار لەبەردەم وەزارەتی داد لە ئەنقەرە بەردەوامە.

ئەمینە شەنیاشار و کوڕەکەی فەرید شەنیشار کە پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)یە، چوونە بەردەم دەرگای وەزارەت، سەرەڕای ئاستەنگی پۆلیس لە ٧٦ هەمین ڕۆژدا درێژەیان بە چالاکییەکەیان دا و داخوازی دادپەروەرییان دووپاتکردەوە.  ئەمینە شەنیاشار گوتی: "کوڕەکەمیان لە نەخۆشخانە کوشت، کوڕەکەی دیکەمیان خستە زیندانەوە. ٦ ساڵە ئێشکگری دەگرم و ئەوان شەرم ناکەن. مەگەر سۆز و بەزەییان نییە؟ پۆلیس لەدەورم کۆدەکەنەوە. با کوڕەکەم ئازادبکەن و بچمەوە ماڵی خۆم. لە ترسا دەرگای وەزارەت دادەخەن".