مانگرتن لە خواردنی بێکۆتایی و بێ نۆرەگۆڕکێی ٤٠ زیندانی، ٤ی تشرینی یەکەم لە دژی پێشێلکردنی مافەکان و هەلومەرجی گۆشەگیری دژوار لە زیندانی ئەرغەلی کۆنیا دەستیپێکردبوو، بەردەوامە. زیندانی رۆژهەڵاتی یەعقوب بروکانلی لە مانگرتنەکەدا، لە دژی هەلومەرجی دژواری گۆشەگیری لە ٢٨ی تشرینی یەکەمدا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو. بە پێی زانیارییەکان کە لە پارێزەرانی لقی مێرسینی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) وەرگیراوە، بروکانلی و ٣٩ زیندانی تر لە ژووری تاکەکەسیدا راگیراون. پارێزەران باسیان لەوەکردووە کە بروکانلی ٢٨ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١٠:٠٠ لە دژی گۆشەگیری سەر زیندانیان ئاگری لە خۆی بەرداوە.
'نایگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە'
پارێزەران رایانگەیاند: "ئاستیسوتاویەکە پلەی دووە. لای راست و ناوەڕاست سوتاون. بەری هەردوو دەست سوتاون. لەناوەراستەوە ئەوەندە ناوەوەی گۆشتەکەی دیار بێت سوتاوە. ناتوانێت دەستی راستی بەکاربهێنێت. هەر ئەوە رۆژەی بردوویانەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی. ئێستا لەگەڵ عوسمان پینچدا لە یەک ژوردا دەمێنێتەوە. نایگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە. لە هۆڵی زیندان دەرمان دەکرێت. کاتێکیش بۆ دەرمانکردن دەیبەن دەستی کەلەپچە دەکەن. ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی هەوکردن.
پارێزەران لە کۆتاییدا ئاماژەیان بەوەکرد کە بە هۆی سزای دیسپلینەوە رێگە نادرێت بروکانلی بنەماڵەی ببینێت.
هـ . ب