بەشتاش: سیستمی ئەشکەنجە لە ئیمراڵی هەیە

مەراڵ دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە بەرامبەر قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کاردانەوەی پیشاندا و وتی، لە دوورگەی ئیمراڵی سیستمی ئەشکەنجە هەیە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیک گەلان (هەدەپە) مەراڵ دانش بەشتاش لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا باسی لە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

بەشتاش ئاماژەی بەوەکرد، پرسی گۆشەگیری یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی وڵات و وتی: بڕیارەکان بۆ درێژەدان بە گۆشەگیری لەلایەن خودی هاوکارانی دەسەڵاتەوە دەدرێن. بەشتاش لە بەردەوامی قسەکانیدا وتیشی: "ئایا بەڕاستی دوورگەی ئیمراڵی لە سنوری تورکیادا نییە؟ ئایا یاسای سزاکان، دەستووری بنەڕەتی و پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئەوێ ڕەوا نییە؟"

بەشتاش ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوان بەدوای وەڵامی پرسیارەکانیان دا دەگەڕێن و وتی: بێ مافی، بێ یاسایی و ئەشکەنجە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە بەردەوامی ئەنجام دەدرێت. لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا هیچ زانیارییەک لە عەبدوڵا ئۆجالان و عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم لە ئیمراڵی نییە و من جەخت لەوە دەکەمەوە، کە هیچ زانیارییەک لەو بارەیانەوە نییە".

بەشتاش لە درێژەى وتەکەیدا ڕایگەیاند، هەموو مافەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، نووسینی نامە، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران بە شێوەیەکی نایاسایی ڕاگیراون.

راشیگەیاند، "ڕۆژی ڕابردوو پارێزەران لە کاتی داواکارییەکەیان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن زانییان، کە داواکاری گشتیی سزاکانی بورسا ٢ سزای دیسیپلینی سەپاندووە و چاوپێکەوتنەکانی بۆ ماوەى ٦ مانگی تر قەدەغە کردووە. ئەو کام قەدەغەکارییە، بۆ چاوپێکەوتنێک دەسەپنێرێت، کە رێگا نادەن ئەنجام بدرێت، ئەوە لە کوێوە هاتووە؟. قەدەغەکاری بۆ چاوپێکەوتنێک ئەنجام دەدرێت، کە ئەنجام نەدراوە؟

تا ئێستا دەیانوت، "کەشتییەکە شکاوە" کاتێک کەش و هەوا باش بوو دەیانوت، "کەش و هەوا خراپە". دەست لەو درۆیانە هەڵگرن. با بڵێن، "کاتێک لە رووی سیاسی و بارودۆخەوە، دۆخەکە بۆ ئێمە گونجاو بوو رێگا بە چاوپێکەوتن دەدەین، بەڵام کاتێک لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نەبێت رێگا نادەین چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت"، ئێمە پرسیار بۆ یاسا و مافەکان دەکەین و بە دوایدا دەچین. ئێستا هەموو زیندانییەکانی ئەوێ بە تایبەتی بەڕێز ئۆجالان لەم مافانە بێبەشن و هەموو داواکان بۆ چاوپێکەوتنی بنەماڵەکان بە نەرێنی وەڵامیان  دەدرێتەوە".

بەشتاش ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا پارێزەران ٧٥٠ داوا و بنەماڵەکانیش ٣٥٠ داوایان بۆ چاوپێکەوتن لە ئیمراڵی هەبووە و وتیشی: "ئەوانە بەشێوەیەکی میزاجیانە رێگرییان لێدەکرێت. چاوەڕێی ڕوونکردنەوەی هاوبەشەکانی دەسەڵاتین، کە لە "تورکیا دەوڵەتی یاسا نییە"، ئەگەر وابێت ئەوا دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەو گۆشەگیرییە بهێنرێت و زانیاری بەدەست بهێنرێت.... تاوەکو ئێستا  نازانرێت چی ڕوودەدات، ئایا ئەوان لە ژیاندان، یان نەخۆشن؟ بەڵێ، کەس نازانێت چی ڕوویداوە. خێزانەکان هەموو ڕۆژێک دێن بۆ لای ئێمە و دەیانەوێت زانیاری بەدەست بهێنن".

ژ.ت