یه‌كێك له‌و دامه‌زراوانه، کە سه‌باره‌ت به مافی هیوا سه‌ردانی كۆمیته‌ی وه‌زیرانی ئەنجوومەنی ئه‌وروپا كرد، ده‌زگای لێكۆڵینه‌وەی مافەکان و کۆمەڵگە (توهاڤ / TOHAV) بوو. پارێزه‌ر عایشە بینگۆل ده‌میر، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی توهاڤ سه‌باره‌ت به بڕیاری كۆمیته‌كه له‌باره‌ی مافی هیوای په‌یوه‌ست به عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌ری گه‌لی كورد، حه‌یاتی قەیتان، ئه‌مین قوربان و جڤان بوڵتان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دووا.
به وته‌ی ده‌میر، كۆمیته‌ی وه‌زیرانی ئەنجوومەنی ئه‌ورپا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی قۆناعی چاودێری كردنی په‌یوه‌ست به گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان و به‌دواداچوون بۆ بڕیاره‌كانی دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپای نه‌دا و وتی، ته‌نیا سه‌رنجی راكێشاوه‌ته سه‌ر سه‌ردانكردنی دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپا و ئاماژه‌ی به كۆمیته‌ی دژه ئه‌شكه‌نجه (سی پی تی) كردووه.
عایشە بینگول ده‌میر وتیشی، "كۆمیته‌كه له‌و بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌ی جێگیر كرد، كه دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپا و سی پی تی رۆڵیان ده‌بێت و قۆناغی چاودێری كردنی بۆ ئه‌و لایه‌نانه جێهێشت".
ده‌میر ئاماژه‌ی به‌و گۆشه‌گیرییه كرد، كه له‌ئێستادا له ئیمراڵی په‌یڕه‌و ده‌كرێت و وتی: "كۆمیته‌كه ده‌یتوانی چاودێری گۆشه‌گیری له ئیمراڵی بكردایه و به‌رده‌وام بووایه له‌و چاودێرییه. له‌و قۆناغه‌دا رۆڵی سی پی تی جیاوازه، رۆڵی دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپا جیاوازه و رۆڵی كۆمیته‌ی وه‌زیران جیاوازه. له‌و نێوه‌دا كۆمیته‌ی وه‌زیران رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ش نامه‌وێت ئه‌و بڕیاره، وه‌ك بڕیارێكی كۆتایی هه‌ڵسه‌نگێنم كه نه‌كرێت هه‌نگاوی دیكه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت. به بڕوای من ئه‌گه‌ر هیچ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی گۆشه‌گیریدا نه‌یەت، پارێزه‌رانی ئۆجالان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ده‌توانن له‌سه‌ر ئاستی كۆمیته‌كه به‌رده‌وام بن له هه‌وڵه‌كانیان".
عایشە بینگۆل ده‌میر به‌ڕێوه‌به‌ری توهاڤ له درێژه‌دا رونیكرده‌وه، ده‌كرێت وه‌ك بانگهێشتێك بۆ سی پی تی و دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپا لێكدانه‌وه بۆ بڕیاره‌كه‌ی كۆمیته‌ی وه‌زیران بكرێت و وتی، "بانگه‌واز ئاراسته‌ی ئه‌و دامه‌زراوانه ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش ده‌شێت وه‌ك بڕیارێك، كه ده‌توانێت قۆناغه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و میكانیزمانه خێرا بكات، هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت، ده‌كرێت وه‌ك بڕیارێكی به‌و جۆره ببینرێت كه ئه‌و گۆڕه‌پانانه باشتر و كاریگه‌رتر بكات.
بێگومان بۆ رێگری له ئه‌شكه‌نجه له توركیا و وڵاتانی ئه‌ندامی ئەنجوومەنی ئه‌وروپا سی پی تی رۆڵێكی گرنگی هه‌یه. ئه‌وه ئیمراڵیش ده‌گرێته‌وه".
عایشە بینگۆل ده‌میر رایگه‌یاند، له توركیا كه‌شێكی سیاسی كه بڕیاری كۆمیته‌كه‌ی تێدا جێبه‌جێ بكرێت نییه و وتی، " له‌ئێستادا له وڵاته‌كه قه‌یرانێكی قورسی مافه‌كانی مرۆڤ، قه‌یرانی ده‌وڵه‌تی یاسایی زۆر قورس هه‌یه. له وه‌ها كه‌شێكدا ئه‌سته‌مه مرۆڤ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه حكومه‌تی تورك له‌و بابه‌ته‌دا هه‌نگاوێك بنێت، به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دام، كاتێك كۆمیته ببێته ئامێرێك كه له ناوه‌وه گوشار دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری بكرێت، له كۆتاییدا ئه‌و بڕیاره ده‌بێته هێزێكی پاڵنه‌ریش بۆ گۆڕینی سیاسه‌ته به كێشه‌كانی حكومه‌ت. ئه‌و هه‌ره‌مه ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردندا حكومه‌ت بگۆڕدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی نوێش له بابه‌تی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌بێت بنرێت یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت. قۆناغی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه په‌یوه‌ندی به كه‌شی سیاسی وڵاته‌وه هه‌یه".
ژ.ت