چالاکوانانی ئێشکگری دادپەروەری: سبەی لە ئامارا دەبین

چالاکوانان لە چەندین شار بەشداری ئێشکگری دادپەروەری بوون، ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان، دووپاتیان کردەوە بەبۆنەی ٧٥ هەمین ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەچنە ئامارا.

خزمی زیندانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن. چالاکییەکە لە شارەکانی مێردین و ئیستەنبوڵ و ئامەد و ئێلح بەردەوامە. ڕێپێوانی سبەینێی ئامارا بەبۆنەی ٧٥ هەمین ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان ڕۆژەڤی چالاکییەکان بوو. لە چالاکییەکاندا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دایکان یەلەکیان پۆشی و لەسەر نوسرابوو "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

لە چالاکییەکەی مێردین دایکی ئاشتی بەسنا گونای ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان، پاشان گوتی: "ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆکمان پیرۆز دەکەین. سەرۆکمان بۆ چارەسەری پرسی ئەم گەلە، بۆ ڕزگاری ئەم گەلە هەیە. پێویستە هەمووان سبەی لە ئامارا بن. ئێمە ڕوودەکەینە ئامارا. بۆ وەستانی ئەم شەڕە، لە ئامارا کۆدەبینەوە".

لە چالاکییەکەی ئامەد بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون ڕێپێوان و ئاهەنگەکەی سبەی لە ئامارا. هەروەها چالاکوانان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان.

بەهەمانشێوە لە چالاکییەکەی ئێلح ناڕەزایەتی پیشان درا بەرامبەر زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان، بانگەوازکرا بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.