بە دیمەن

چالاکوانانی ژنێڤ گوتیان "١٥ ی نیسان لە ستراسبۆرگ دەبین"

کوردستانیان کە ٣ ساڵە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەموو هەفتەیەک لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکی ئەنجام دەدەن، بانگەوازیان کرد " با لە ١٥-١٩ ی نیسان لەبەردەم سی پی تی بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هاوار بکەین".

چالاکی بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان

چالاکی دانیشتن لە ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ـەوە هەموو چوارشەممەیەک لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکی ئەنجام دەدەن.

چالاکی ئەم هەفتەیە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێ کرد. پاشان لەسەر ناوی کۆمیتەی چالاکییەکە ڕەمەزان بایتار قسەی کرد.

بایتار گوتی: "هەرچەند فەلسەفەی ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هیوابەخشی گەلانە، بەڵام هێزە نێونەتەوەییەکان ئەم فەلسەفەیە بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن و بەرامبەر گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ بێدەنگن. ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و سی پی تی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتان کار دەکەن".

ڕەمەزان ڕایگەیاند لەنێوان ١٥-١٩ ی نیسان لە ستراسبۆرگ لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدرێت، بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون.

پاشان چالاکی دانیشتن بەردەوام بوو.