بە دیمەن

چالاکیی ناڕەزایەتی لە سۆلۆزەرن: بە بەرخۆدانی هەمەلایەن بەرپەرچی هێرشەکان دەدەینەوە

لە شاری سۆلۆزەرنی سویسرا هێرشە داگیرکارییە نوێیەکان و هێرشکردنە سەر دامەزراوە کوردیەکان لە ئەوروپا بە چالاکییەک شەرمەزارکرا.

لە شاری سۆلۆزەرنی سویسرا دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و سیاسەتی تاوانبارکردنی دامەزراوە کوردییەکان چالاکییەک ئەنجامدرا.

چالاکییەکە لەسەر بانگەواز ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد بەڕێوەچوو.

لە چالاکییەکەدا ئەندامی دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی سویسرا، عەمروڵا بینگول ڕایگەیاند ئامانج لە هێرشە نوێیەکان بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کوردە.

بینگول ڕایگەیاند گەلی کورد داعشیان شکاند و ئەوروپایان لەو بەڵایە ڕزگارکرد، بۆیە نابێت لەم سەدەیەدا ڕێگە بدرێت بە داگیرکاری و کۆمەڵکوژی نوێ، گوتی: "دژی ئەو هێرشانەی دامەزراوەکانمان دەکەنە ئامانج هەموو مافە دیموکراتیکەکانمان بەکاردەهێنین و خاوەنداری لە دەسکەوتەکانمان دەکەین. وەک چۆن گەلی کورد لە وان خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی کرد، بەهەمانشێوە بە بەرخۆدانی هەمەلایەن بەرپەرچی ئەم هێرشانە دەدەینەوە".

چالاکییەکە بە بانگەواز بۆ مەزنکردنی بەرخۆدان کۆتایی هات.