چاودێرانی نێونەتەوەیی: دەنگدەرانی هاوردە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دانا

ئەو چاودێرانەی لە کوردستان چاودێری هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداریان دەکرد، رایانگەیاند، کە دەنگدەرانی هاوردە کاریگەریان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبکاردن داناوە و داوایان کرد هەڵبژاردن سەرلەنوێ ئەنجام بدرێتەوە.

١٢٥ چاودێری نێونەتەوەیی کە لە شارەکانی کوردستان چاودێریی هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداریان کردبوو، ئەنجامی سەردانەکەیان ئاشکرا کرد. تێبینییەکانی خۆیان لە کاتی هەڵبژاردندا کردە راپۆرتێک و رایانگەیاند کە دەنگدەرانی هاوردە و گواستراوە کاریگەریان لە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەبووە.

چاودێرەکان لە ئیدر، موش، چەولیک، بەدلیس، وان، جۆلەمێرگ، سێرت، شڕنەخ، ئێلیح، مێردین، ئامەد و رحا لە نزیک ١٥٠ ناوەندی دەنگدان چاودێرییان کرد و لە هەموو شوێنەکانیش شاندی چاودێری لەلایەن کاربەدەستانی تورکەوە رێگرییان لێکرا.

لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەڵبژاردن لە ژێر هەڕەشەی توندی سەرباز و پۆلیسەکاندا بەڕێوەچووە، ٤٦ هەزار و ٩٠١ سەرباز و پۆلیس وەک دەنگدەر تۆمار کراون، دەنگیان داوە و ئەوەش خراوەتەڕوو، "ساڵانی رابردوو لە دژی ئیرادەی دەنگدەران گوشاری سیاسی، گرتنی سەرۆکشارەوانیەکان و دانانی قەیوم بەکارهێنراوە، بەڵام ئەم جارە کارمەندانی دەوڵەت وەک پۆلیس و سەرباز بۆ دەنگدان بەکارهێنراون و رەوانەی ناوچە کوردیەکان کراون. ئەو کەسانە بە گوێرەی هەندێک بارودۆخ بۆ ماوەی شەش مانگ لەو هەرێمانە تۆمار کراون".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە گواستنەوە و هاوردەکردنی دەنگدەران بۆ ئەو ناوچانەی کە جیاوازی دەنگ لە نێوان دەم پارتی و ئاکەپەدا کەم بووە ئەنجامدراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو، "کاریگەری گواستنەوەی دەنگدەران بە گوێرەی ئەنجامەکان جیاواز بوو، لە هەندێک ناوچە گەیشە ئاستی لە سەدا ٥٠ی دەنگەکان. وەک چاودێرانی نێونەتەوەیی هەڵبژاردن زۆر جار هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی لیستی دەنگدەران رێگری لێکرا، هەربۆیە نەمانتوانی تەوای ئە وکودەتایە بە بەڵگەوە تۆمار بکەین".

لە راپۆرتەکەدا راگەیاندرا، لە شڕنەخ، قەرس، قلەبان، چەلێ، کەرجەوس، ئەگیل، شەمزینان، هەزرۆ، دهێ و ستەورێ بە گشتیی ٤٦ هەزار و ٩٠١ دەنگدەر بەکارهێنرا.

راگەیەندرا کە لە پاسور، ئیدر، جۆلەمێرگ و مێردینیش زۆر دەنگدەری هاوردە و گواستراوە بەکارهێنراون.

لە راپۆرتەکەدا وەک ئەنجامیش ئەوە خراوەتەڕوو لە گواستنەوەی دەنگدەران بە شێوەی بەرفراوان و رێکخراو بووە و ئەوەش راگەیەندراوە کە دەبێت سەرلەنوێ هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێتەوە.

هـ . ب