چەلیک دوای ٣٠ ساڵ ئازاد کرا: سەرمان شۆڕ نەکرد و بەرخودانمان کرد

کەمال چەلیک، کە دوای ٣٠ ساڵ ئازادکرا، وتی: لە سایەی بڕوابەخۆبوونمانەوە ٣٠ ساڵ لە زیندان ماینەوە. کەوتمە چالاکی مانگرتن لە خواردن کە بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ بەردەوام بوو ”.

کەمال چەلیک (تەمەن٥٧ ساڵ) کە لە زیندانی جۆری (تی)  ژمارە ٢ی شاری شاکران بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ زیندانی کرابوو، ڕۆژی ٤ی ئاب بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەتی یەشیلیورت گوازرایەوە. چەلیک لەوێ نەشتەرگەری بۆ کراوە و بەو پێیەی دوێنێ ڕۆژی ئازادکردنی بوو، دوای ڕێکارەکان گواسترایەوە بۆ خزمەتگوزاری ئاسایی. چەلیک ئەو ماوەیەی کە لە زیندان بوو، نەشتەرگەری بۆ بڕبڕەی پشت، ئاوی سپی چاو، بڕبڕەی مل،  دواجار پرۆستاتی بۆ کراوە. لە ٤ی ئابەوە لە نەخۆشخانەیە، دوای پشکنینی تەندروستی ئەمڕۆ نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە.

چەلیک لە ساڵی ١٩٩٣ لە شاری سێرت دەستگیرکرا و دادگای ئاسایشی دەوڵەت سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر چەلیکدا سەپاند بەبیانۆی ئەوەی "هەوڵی داوە بەشێک لە خاکی وڵاتەکە لەژێر سەروەری دەوڵەتدا دەربهێنێت "، لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا زیندانی جێی هێشت. چەلیک لە بەردەم نەخۆشخانە لەلایەن بنەماڵەکەی و هاوڕێیان و ئەندامان و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی پشتیوانی و بنەماڵەی زیندانیان و زیندانیانی ئیگە (ئێگە توهایدەر) و ڕێکخراوەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پێشوازی کرا.

چەلیک لەبەردەم نەخۆشخانە قسەی کرد و وتی: زۆر دڵخۆشم کە لە زیندان ئازاد بووم. ئازاد بوون لە زیندان بۆ خۆی دەستکەوت و سەرکەوتن نییە. هاوڕێکانم لەدەستدا و دڵتەنگم دەکات. بەڵام باوەڕم وایە هەموو هاوڕێکانمان ئازاد دەبن. مرۆڤ بە ئەستەم دەتوانێت باسی هەستەکانی خۆی بکات لە زینداندا. ڕووبەڕووی چەندین سەختی گەورە  بووینەوە. زۆر شتمان پێکەوە باس کرد و دانوستاندنمان کرد و لێک تێگەیشتین و شتەکانمان لەلا روونتر بوون. سەرمان شۆڕنەکرد لە بەرانبەر گوشاری دەوڵەت و بە شکۆوە بەرخۆدانمان کرد. ئەمە سەرکەوتنێکە بۆ ئێمە. هاوڕێکانمان لە زیندان بە شانازییەوە بەرخۆدان دەکەن”.

بەردەوام چەلیک دەیگوت کە هەمیشە هێوای هەیە و و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: " لە سایەی باوەربەخۆ بوونمان ٣٠ ساڵ لە زیندان ماینەوە". ١٠٠ ڕۆژ مانم لە خواردن گرت. بەڵام پێم وابوو لە چێشتخانەیەک نان دەخۆم. بەڵام ئێستا ناتوانم دوو ڕۆژ برسی بم. ئیرادەی مرۆڤ گەورەیە. ئێمەش باوەڕمان بە ئیرادەی خۆمان هەبوو”.

چەلیک، دوای ئەوەی نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت، لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرەو سێرت بەڕێکەوتن.

هـ . ب