د. عەتیە: بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی بانگەوازەکە لەئەستۆی دەوڵەتی تورکە
دکتۆری زانستە سیاسییەکان لە میسڕ، فەرناز عەتیە، ئاماژەی کرد بە هێزی چارەسەری بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و ڕایگەیاند بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی بانگەوازەکە لەئەستۆی دەوڵەتی تورکە.
دکتۆری زانستە سیاسییەکان لە میسڕ، فەرناز عەتیە، ئاماژەی کرد بە هێزی چارەسەری بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و ڕایگەیاند بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی بانگەوازەکە لەئەستۆی دەوڵەتی تورکە.
د. فەرناز عەتیە گوتی "ئاشتی لە تورکیا دەبێتە مایەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، دووپاتی کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ وەک ئافرێنەری پارادایمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، بۆ ئەوان کەسێتییەکی گرنگە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی نێونەتەوەیی کە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە درووشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد" دەستی پێ کرد، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆنفرانسێک بە ناونیشانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری نێونەتەوەیی بۆ پرسی کورد" ئەنجامدرا، لە ١٦ وڵاتەوە زیاتر لە ٣٠٠ نوێنەر بەشداربوون، لەوانەش لە میسڕەوە، ئەندامی دەسپێشخەریی نون بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان د. فەرناز عەتیە بوو، د. فەرناز لەم بارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
هەوڵی ئاشتی دەتوانێت کاریگەری لە تەواوی هەرێمەکە بکات
د. فەرناز تیشکی خستەسەر گرنگی کۆنفرانسەکە و گوتی: "عەبدوڵا ئۆجالان پشتگیری لە ئاشتی و سۆسیالیزم و ئازادی ژنان دەکات. دەبێت بەوردی کاربکرێت بۆ ئازادی ئەو". سەبارەت بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات و گوتی: "عەبدوڵا ئۆجالان هەوڵی ئاشتی لەنێوان دەوڵەتی تورک و کوردەکان ڕاگەیاند. ئەم پێشکەوتنە ئارامی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت. شەڕی نێوان کورد و دەوڵەتی تورک یەکێکە لە کێشە گرنگەکانی هەرێمەکە. عەبدوڵا ئۆجالان وەک ئافرێنەری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بۆ ئێمە کەسێتییەکی گرنگە. ئەم پرۆژەیە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ژیانێکی هاوبەش و ئازاد بۆ هەموو وڵاتێک. ئەمە هێزی دیموکراسییە".
بانگەوازەکە توانای چارەسەری کێشەکان هەیە
د. فەرناز ڕایگەیاند بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لەئەستۆی دەوڵەتی تورکە، جەختی کردەوە بانگەوازەکە توانای چارەسەری کێشەکانی هەیە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی لە ئێران و سوریا و عێراق بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند دەوڵەتی قووڵ لە تورکیا دەتوانێت ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەر.
دەسکەوتێکی نوێ بۆ ژنان
بە بۆچوونی فەرناز عەتیە "زانستی ژنۆلۆژی عەبدوڵا ئۆجالان دەسکەوتێکی نوێیە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لەنێو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیکدا"، جەختی کردەوە، ژنۆلۆژی واتە دیموکراتیککردنی ژیان لەڕێگەی ژنەوە، هەموو ئەمانەش بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە.