لە ئەڵمانیا دووەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەنجام دەدرێت

وەک هەوڵێک بۆ ناساندنی سینەمای کوردی بە وڵاتانی دیکە، دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ٢٣ـی نیسان لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچیت.

دووەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی

لە ٢٣ بۆ ٢٧ی نیسان دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەڕێوەدەچێت و لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە فیلم بۆ بەشدارییکردن لە فێستیڤاڵەکە پێشکەشکراوە.

خەڵاتکردنی باشترین فیلم

لە فیستیڤاڵەکەدا بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان خەڵاتێک ئامادەکراوە و ئەویش خەڵاتەکانی مافی مرۆڤ، سینەماکاری کورد یەڵماز گونای، ژینا ئەمینی و خەڵاتی شۆڕشگێڕ و سینەماکار شەهید خەلیل داغ. هەرچوار خەڵاتەکە دەدرێت بە فیلمە درێژ و دیکیۆمێنتارییەکان.

گرنگیدان بە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان

لە دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسڵدۆرف، گرنگی تەواو بە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی بەنداوی تشرین دەدات، هەروەها وەک ڕێزلێنانێک چەند بەرهەمێکی هونەرمەندی شانۆکار شەهید بابێ تەیار نمایش دەکرێت، کە بەهۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکەوە لە بەنداوی تشرین شەهیدبوو.

بەپێی بەرنامەکانی کۆمیتەی ئامادەکار، لە فێستیڤاڵەکەدا دوو پانێڵ بەناونیشانەکانی "ڕۆژئاوا" و "سینەمای کوردی" بەڕێوەدەچێت، هەروەها دوو کۆڕی ناساندن و بڵاوکردنەوە بۆ دوو ڕۆمانووسی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان ئەنجام دەدرێت.