بافڵ تاڵەبانی: لە دۆخی شەڕدا ئیمکانی بەستنی کۆنگرەی پەکەکە نییە

بافڵ تاڵەبانی لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزۆنییدا سەرنجی خستەسەر پرۆسەی ئاشتی و گوتی: "پرۆسەی ئاشتی کە بە پەیامی سەرۆک ئاپۆ دەستیپێکردووە، یارمەتیدەری هێنانە ئارای ئاشتییە لەسەر تەواوی ناوچەکە. بەڵام لەگەڵ بەردەوامی شەڕدا بەستنی کۆنگرەی پەکەکە ئەستەمە."

بافڵ جەلال تاڵەبانی

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) لە میانی چاوپێکەوتنێکییدا لەگەڵ کەناڵێ کوردسات نیوزدا، هەڵسەنگاندنی بۆ چەندین مژاری تایبەت بە دۆخی سیاسی باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و هەروەها بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد.

پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ڕۆژئاوادا

بافڵ تاڵەبانی دەستنیشانی کرد دۆخی سیاسی لە سووریادا ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێکی هەیە و هێشتا هیچ چاوەڕوانییەک لە حکومەتی نوێی دیمەشق ناکرێت، تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا پرۆسەی ئاشتی کاریگەری لەسەر دۆخی باکوور و ڕۆژئاوای سووریا هێناوەتە ئاراوە و گوتی: "هەموو پرسەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێت، لەگەڵ هەڤاڵانمان لە سووریادا بەبەردەوامی لە گفتوگۆداین. گرنگە سوود لە ئەزموونی یەکتر وەرگرین، باشووری کوردستان هەندێک هەڵەی ستراتیژی کردووە، هیوادارین ڕۆژئاوای کوردستان هەمان هەڵەی باشووری کوردستان دووبارە نەکاتەوە."

تاڵەبانی لە بەردەوامی قسەکانییدا بە ئاماژەدان و بیرهێنانەوەی داستانی کۆبانێ گوتی: "لە سەرسامی و دڵسۆزیم بۆ تێکۆشانی کوردانی ڕۆژئاوا ناوی کوڕەکەم ناوە کۆبان."

'فڕینی درۆنەکان بەردەوامە و زوو زوویش دەخرێنەخوارەوە'

تاڵەبانی لە بەردەوامی قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر باشووری کوردستان، بە ئاماژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک دەسنیشانی کرد ئەو هێرشانە وەڵام دەدرێنەوە و بە بەردەوامی درۆنەکانی دەوڵەتی تورک دەخرێتە خوارەوە و جەختیکردەوە لەوەی فشارەکانی سەر ئیدارەی سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدایە و گوتی: "پرۆسەی چارەسەری دەرگای گفتوگۆی کردووەتەوە، ئەتوانین هاوکاری تورکیا بین بۆ ڕەخساندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، هەڵبەتە هەموو ئەمانە بە ڕێبازی مام جەلال بەڕێوەدەبەین. بەڵام وەک یەکێتی هیچ کاتێک ئامادەنین یارمەتی هیچ کەسولایەنێک بکەین لە ڕشتنی خوێنی کورد دا."

سەرنج خستنەسەر پرۆسەی چارەسەری و بەستنی کۆنگرەی پەکەکە

تاڵەبانی لە بارەی پرۆسەی چارەسەری و بەستنی کۆنگرەی پەکەکە قسەیکرد و جەختی کردەوە لەوەی بەستنی کۆنگرە زەمینەسازی یاسایی و ئاگربەستی هەردوولای دەوێت، بۆ ئەمەش دەکرێت کەس و لایەنی دیکە ڕۆڵی هەبێت  و گوتی: "وەک ئەوەی ئاگادارم پەکەکە جەخت لە بەشداربوونی عەبدوڵا ئۆجالان دەکاتەوە لە بەستنی کۆنگرەدا. بەڕاستی بەستنی کۆنگرە لە دۆخی بەردەوامی شەڕ و بۆردوومانی بەردەوامی درۆندا هیچ ئیمکانێکی نییە."