د. عیسمەت کۆناک: شەڕ بۆ ئەردۆغان وەک خۆکوشتنە

د. عیسمەت کۆناک رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە هەرگیز ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ ناکەن و وتیشی، "دوای هەڵبژاردن دەستپێکردنی شەڕ لە دژی کوردان، بۆ ئەردۆغان بە واتای خۆکوشتن دێت".

لە کوردستان و تورکیا لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئادار رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە گورزێکی گەورەی بەرکەوت و شکستی هێنا، بەتایبەتی لە کوردستان 'سیاسەتی قەیوم' کە ٨ ساڵ بوو ئیرادەی گەلی کوردی زەوت کردبوو، هەر بە ئیرادەی گەلی کورد تێکشکێندرا. ئەکادیمیسیان د. عەیسمەت کۆناک لە بارەی ئەو بابەتە قسەی بۆ کردین.

د. عیسمەت کۆناک ئەوەی خستەڕوو، کە هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار لە ناو گەلدا بووەتە مایەی دڵخۆشی و گورزێکی قورس بووە لە رژێم و دەسەڵات.

د. عیسمەت ئاماژەی بە فێڵ و ساختەکارییەکانی دەسەڵات لە شارەکانی کوردستان کرد و وتی، "بە هێنانی دەنگدەری گواستراوە و هاوردەش نەیانتوانی بگەنە ئەنجام. لە شڕنەخ والی، قایمقام، بەڕێوەبەری ئاسایش هەر هەموویان پێکەوە کاریان بۆ ئاکەپە کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەوان کارمەندی دەوڵەتن و باج لە خەڵک وەردەگرن و بەو باجەی لە کوردانی وەرەگرن لەسەر خاکی کوردان پرۆپاگەندە بۆ پارتێک دەکەن کە ئیرادەی کوردانی زەوت کردووە. لەم هەڵبژاردنەدا بەم جۆرە شارەوانیەکانی شرنەخ و بەدلیس دەستیان بەسەردا گیرا، بەڵام بە گشتی هەم لە کوردستان و هەمیش لە تورکیا دەسەڵات شکستیهێنا. ناتوانن ئەو ئەنجامەی دەیانەوێت بەدەستیبهێنن".

لە بەشێکی یدکەی قسەکانیدا د. عیسمەت کۆناک ئاماژەی بەوەکرد، کە "دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە هەرگیز لە ئەنجامی هەڵبژاردن رازی نییە و نایەوێت قەبوڵی بکات و لە هەوڵی ئەوەدایە پەردەپۆشی بکات. بۆ ئەوەش خۆیان بۆ داوی نوێ ئامادە دەکەن. لە دۆخێ ئێستادا باری ئابووری ئەوان باش نییە و ناتوانن لە رێگەی ئابووریەوە مرۆڤەکان قایل بکەن. بەهۆی ئەوەی دەزانێت خەڵک لە سیستمێکی نایەکسان ناڕازین، بۆیە زیاتر پەنا بۆ ئاژاوەو بشێوی دەبات. ئەوە بە تاکەڕێگەی رزگاربوونی خۆی دادەنێت. جەماوەر لە بەرامبەر یەکتر بە شەڕ دەدات، پەرە بە دوژمنکاری دەدات. واتە وەک دوای هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٥ دەتوانێت پەنا بۆ ئاژاوە نانەوە ببات. ئاشکرایە کە نزیکترین ئەنجام و لێکەوتەی ئەوەش شەڕە. ئەوان پێیان وایە شەڕ رزگارکەر و فریادڕەسیانە."

ئەو ئەکادیمیسیانە ئاماژەی بەوەشکرد کە رژێمی ئەردۆغان لەم بابەتەدا پوتین بە نمونەی خۆی دادەنێت. "وەک دەزانرێت پوتین لە ئوکرانیا دەستی بە شەڕ کرد. پێش دەستپێکردنی شەڕەکە لە ناوخۆی وڵاتەکە بە رێژەی لەسەدا ٧٧ پشتیوانی لێدەکرا. لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا رێژەی دەنگەکانی گەیشتە لەسەدا ٨٧. بەرهەڵستکاران لە سەر رێگەی خۆی بە تەواوەتی بێکاریگەر و پاسیڤکرد. ئەردۆغانیش دەیەوێت رێک هەمان شێواز بەکاربهێنێت. بەڵام رووسیا و تورکیا دوو وڵاتی زۆر جیاوازن. بۆ ئەوەی ئەردۆغان بیەوێت لە باشووری کوردستان دەست بە شەڕێک بکات پێویستی بە سەرچاوە و ئابووریەکی بەهێز هەیە. ئێستا لەوە بێبەشە. بەڵام رووسیا خاوەن بودجەیەکی گەورە و زۆرە. خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندە. نەوت، گاز و خۆراکی هەیە و جیهانیشی بە خۆیەوە بەستووەتەوە و پێداویستی زۆر وڵات دابین دەکات. بۆیە دەتوانێت بۆماوەی چەندی ساڵ بەردەوام بێت لەو شەڕە. بەڵام تورکیا ئەو هێزەی نییە کە ئەوە بکات. هەربۆیە شەڕ هیچ ئەنجامێکی بۆ ئەوان بەدواوە نابێت. واتە سەری دێشێت و دەیخاتە بەر گیلۆتین بۆ ئەوەی سەر ئێشەکەی چاک ببێت. دەستپێکردنی شەڕ لە دژی کوردان، دەبێتە سەرەتای خۆکوشتنی ئەردۆغان. بەڵام دەبێت هێز و لایەنە بەرهەڵستکارەکان بە تایبەتی لەبەرامبەر ئاژاوەگێرییەکان وریا بن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر."

هـ . ب