دامەزراوە ئێزدییەکان، ناوەندی یەکێتی کۆمەڵە ئێزدییەکان، مەجلیسی ژنانی ئێزدی، ناوەندی چاندی ئێزیدخان، لەڕێگەی ڕاگەیاندراوێکی نوسراوەوە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە دژی ئێزدییەکان شەرمەزار دەکەن.
لە ڕاگەیاندراوی دامەزراوە ئێزدییەکاندا هاتووە:
"دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، ئەم ماوەیە دوژمنایەتی ئایینی خستۆتە نێوان ئێزدی و موسڵمانان لە ڕحا و وێرانشار و ئێلح و قوبین و مێردین و میدیاد و نسێبین و دەوروبەری ئامەد لە باکوری کوردستان، بەتایبەت لە ناوچە ئێزدییەکان، ئەوەش بە یارمەتی هاوکار و جەردەوان و چەتەکان و نوێنەرە پاشڤەڕۆکانیان، لەپێناو بەهێزکردنی دەسەڵاتە قێزەونەکەیان. سەرەڕای هەموو کەموکورتییەکان، ئێزدییەکان دەخوازن بگەڕێنەوە خاکە پیرۆزەکەیان و بە شکۆ و ئاشتییەوە لەگەڵ دراوسێکانیان بژین. بەڵام بەداخەوە، ئومێدی ئێزدییەکان تێکشکا. نوێترین نموونەش، لە گوندی زەورا لە وێرانشار، خێزانێک بە چکی دەوڵەت و هێزی دەوڵەت و عەشیرەت، هێرش دەکاتە سەر گوندەکە و زیان بە ماڵوموڵکیان دەگەیەنێت و هەڕەشە لە دانیشتووانەکەی دەکات. لەپێناو هاوکاری، هەموو هەوڵەکان لەگەڵ دەوڵەت شکستی هێنا. هەروەها گوندی قوریە بەهەمانشێوە داگیرکرا. هێشتاش کێشەی داگیرکردنی گوندە ئێزدییەکان بەردەوامە لە هەرێمەکانی بەشیریە و مەدیاد و نسێبین. ئێمە وەک دامەزراوە ئێزدییەکانی ئەوروپا، ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بۆ سەر ئێزدییەکان شەرمەزار دەکەین. دەبێت هەمووان بزانن، کەس ناتوانێت وەک میوان بڕوانێتە ئێزدییەکان، چونکە ڕیشەمان لەم خاکەدا بۆ ١٢ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. بەداخەوە پەندە پێشینانەکە "دز خاوەن ماڵی گرت" بەسەر ئێمەی ئێزدی ڕوویدا. ئەمە چارەنووسی ئێمە نییە و قبووڵی ناکەین.
بانگەواز لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەشێوەیەکی دۆستانە مامەڵە لەگەڵ ئێزدییەکان بکەن. ئێزدییەکان ئاشتی خوازن بەڵام دەستەپاچە نین، خاوەنی دۆست و هێزن، لە هەموو کات دەرفەتیان زیاترە. بانگەواز لە گەلی ئێزدیمان دەکەین، گەڕانەوە بۆ وڵات ئەرکێکی پیرۆزە، بەڵام دەبێت پلانێکی جڤاکی و ڕێکخراو هەبێت، دۆست و دوژمنتان بەباشی بناسن، بە تەنها هەنگاو مەنێن و لەدەوری دامەزراوەکانتان کۆببنەوە".