'ده‌بێت ده‌وڵه‌تی تورك باجی كۆمه‌ڵكوژیەکەی مه‌رعه‌ش بدات'
پارتی دیموكراتیکی گه‌لان (هه‌ده‌په) یادی قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژی مه‌رعه‌شی به‌رزراگرت و بانگه‌وازی له ده‌وڵه‌ت كرد، كه به‌ره‌وڕووی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه بێته‌وه و دانی پیادا بنێت.
پارتی دیموكراتیکی گه‌لان (هه‌ده‌په) یادی قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژی مه‌رعه‌شی به‌رزراگرت و بانگه‌وازی له ده‌وڵه‌ت كرد، كه به‌ره‌وڕووی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه بێته‌وه و دانی پیادا بنێت.
تولای هاتیم ئۆگیولاری یاریده‌ده‌ری هاوسه‌رۆكانی گشتیی هه‌ده‌په و به‌رپرسی كۆمسیۆنی گه‌ل و باوه‌ڕییه‌كانی هەدەپە وتی، " به‌ر له ٤٣ ساڵ و له ١٩ - ٢٥ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٧٨ له مه‌رعه‌ش له دژی عه‌له‌وی، كورد و چه‌په‌كان كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجامدرا و به‌هۆیه‌وه زیاتر له ١٠٠ كه‌س ژیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له هه‌زار كه‌سیش برینداربوون و به سه‌دان ماڵ و كارگه خاپور كران. ئه‌وانه‌شی له كۆمه‌ڵكوژی مه‌رعه‌ش رزگاریان بوو، له ژێر گوشار و به زۆره‌ملێدا ناچار بە كۆچبه‌ربوون كران".
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، "له ئه‌نجامی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌دا به‌شێكی گرنگی مه‌رعه‌ش له عه‌له‌ویه‌كان چۆڵكرا و دیموگرافیای ناوچه‌كه گۆڕدرا".
له راگه‌یه‌نراوه‌كه ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، هێشتاش جیاكاری به‌رامبه‌ر به عه‌له‌ویه‌كان ده‌كرێت و راگه‌یه‌نراوه، "٤٣ ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌دا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ی خۆیان خزاندوه‌ته قوڵایی ده‌وڵه‌ته‌وه هێشتاش ئاشكرا نه‌كراون، باجی ئه‌و ئازارانه نه‌دراوه كه كێشراون، داوای لێبوردن له‌وانه نه‌كراوه، كه كه‌سوكاریان كوژراون.
بۆ ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێت، پێویسته ده‌وڵه‌ت داوای لێبوردن له قوربانیانی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه به تایبه‌تی عه‌له‌ویه‌كان بكات. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌رمی زۆربه‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌ی له كۆمه‌ڵكوژیی مه‌رعه‌شدا كوژران به شێوه‌ی به كۆمه‌ڵ به‌خاكسپێردران، هێشتاش بنه‌ماڵه‌كان گۆڕێكیان نییه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی بكه‌ن. پێكهێنانی كۆمسیۆنی دادپه‌روه‌ری و ماف له په‌رله‌مان، بۆ ئاشكراكردنی تاوانه‌كان له دژی مرۆڤایه‌تی و پێشێلكاریی مافه‌كانی مرۆڤ هه‌نگاوێكی گرنگه.
پێویسته ده‌سه‌ڵاتداری ئاكه‌په - مه‌هه‌په و زۆرینه‌ی پێكهاته‌ی په‌رله‌مان ده‌ست له رێگریكردن له روونكردنه‌وه‌ی راستییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیه هه‌ڵبگرن. تا ئه‌و كاته‌ی باجی شه‌رمه‌زارییه‌كانی رابردوو نه‌درێت، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵكوژییان له دژی عه‌له‌ویه‌كان، كورد و سامانه‌كانی ئه‌و خاكه ئه‌نجامداوه ئاشكرا نه‌كرێن، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی به‌رپرسیاره‌كانی سزا نه‌درێن و ئیدانه نه‌كرێن به‌دیموكراسیبوونیش پێكنایەت.
ده‌سه‌ڵات رێگه‌ی نه‌دا ئه‌مساڵیش رێوره‌سمی یادكردنه‌وه‌ی مه‌رعه‌ش به‌ڕێوه‌بچێت و سه‌لماندی كه هێشتا خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌یه‌كی به‌و جۆره نییه. بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی دیكه روونه‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رعه‌ش له‌بیر نه‌كرێت، ئێمه هه‌وڵی له‌و جۆره په‌سه‌ند ناكه‌ین".
هه‌ر له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا قوربانیانی مه‌رعه‌ش، چۆروم، سێواس و رۆبۆسكی به رێزه‌وه یادیان كراوه‌ته‌وه.
ژ.ت