دۆخی تەندروستیی روکەن یڵدز زیندانیی سیاسیی نەخۆش بەرەو خراپتر دەڕوات

فەرهاد یڵدز برای برای زیندانیی نەخۆش ڕوکەن یڵدز ڕایگەیاند، خوشکەکەی دوورخراوەتەوە بۆ زیندانی جۆری ئێس لە ئیدر و ماوەی ٧ مانگە لە ژووی تاکەکەسیدا رایانگرتووە. راشیگەیاند، تا دێت دۆخی تەندردوستیی خراپتر دەبێت.

لە زیندانەکانی تورکیادا پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدان هەموو رۆژێک بە شێوازی نوێ لە زیادبووندایە، دۆخی زیندانیانی نەخۆشیش بەرەو خراپتربوون دەچێت.

هەرچەندە لە ماوەی مانگێکدا ٧ کەس لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دەسەڵاتداران گۆشەگیریی سەر زیندانیان قورستر دەکەن و زیندان لە شێوەی ژووری تاکە کەسی زیاتر دروست دەکەن. بەوەش تێر نابن و زیندانییە نەخۆشەکان دەگوازنەوە بۆ ئەو زیندانانە، کە لەسەر شێوەی ژووری تاکەکەسی دروستکران.

یەکێک لەو زیندانییە نەخۆشانە روکەن یڵدزی تەمەن ٢٧ ساڵە، کە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی جۆری ئێس لە ئیدر. رووکەن یڵدز نەخۆشیی دڵ و نەخۆشی پەستانی خوێنی هەیە و سەرباری ئەوەش ماوەی چەند مانگێکە لە ژووری تاکەکەسیدا رایانگرتووە.

فەرهاد یڵدزی برای و خەدیجە یڵدزی دایکی رووکەن قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ڕایانگەیاند، گۆشەگیری دۆخی تەندروستیی خراپتر کردووە.

"بەو تەمەنە گەنجییەوە تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و پەستانی خوێن بووە"

فەرهاد یڵدز ڕایگەیاند، روکەن یڵدزی خوشکی ئەندامی هەدەپەیە و لە ساڵی ٢٠١٧دا بە تۆمەتی بێ بنەما لەسەر دانپێدانانی کەسێکی دانپیادانەر دەستگیرکراوە. هەرچەندە جگە لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە هیچ بەڵگەیەکی روون و کۆنکرێتی لە دژی خوشەکەی نییە، بەڵام خوشکەکەی بەزیندانیکردن سزادراوە.

فەرهاد یڵدز ڕایگەیاند، ئەوە زیانی بە تەندروستیی خوشکەکەی گەیاندووە و ئێستا، کە لە تەمەنی گەنجیدایە تووشی نەخۆشیی دڵ و نەخۆشیی پەستانی خوێن بووە. راشیگەیاند، "روکەن پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت هیچ کێشەیەکی تەندروستیی نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەو  بێ مافییەی بەرامبەری کراوە ڕۆژ بە ڕۆژ تووشی نەخۆشیی دڵ بوو و ئەوەش بووە هۆی ئەوە، کە تووشی  نەخۆشیی پەستانی خوێنیش ببێت".

دەزگای پزیشکی داد دووبارە ڕاپۆرتی "دەتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە" داوە بە زیندان

فەرهاد یڵدز ڕایگەیاند، کاتێک خوشکەکەی لە زیندانی جۆری تیی وان دا بوو، لە ناکاو پەستانی خوێنی بەرزبوویەوە و ساڵێک پێش ئێستا گەیەندرایە دەزگای پزیشکیی داد لە ئیستەنبول، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەو کاتەدا ئەو دەزگایە راپۆرتی "دەتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە" دایە بەرپرسانی زیندان، ئەم بارودۆخەى بەسەردا سەپێنراوە و بەو هۆیەوە لەم دۆخە سەختەی تەندروستیدایە.

یڵدز ڕاشیگەیاند، خوشکەکەی ٧ مانگ لەوە پێش لەناکاو لە بەندیخانەی جۆری تیی وان گواسترایەوە بۆ زیندانی جۆری ئێس لە ئیدر.

یڵدز ئەوەشی ڕایگەیاند، خوشکەکەی بەتەنها لە ژوورێکی تاکە کەسیدا گۆشەگیر کراوە و وتی: "زیندانی جۆری ئێس وەک زیندانی جۆری ئێفە. جیاوازیەکەی ئەوەیە، کە لێرەدا زیندانییەکان لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی دەکەن. زیندانێکە بۆ زیندانیکردنی ئەو کەسانە دروستکراوە، کە  سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە. نموونەی ئەو زیندانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە، بەڵام جیاوازیی زیندانەکەی تورکیا ئەوەیە، کە زیندانییە نەخۆشەکان تەنها کراون و دابڕێنراون و لە ژووری تاکە کەسیدا رایانگرتوون، کە هێشتا سزاکەشیان یەکلایی نەبووەتەوە".

تاکە داوای ئەوەیە لە زیندانی جۆری ئێس بگوازرێتەوە بۆ زیندانێکی تر

یڵدز وتی، لە سەردانەکەی ئەم دواییەدا روکەن پێی وتووە، لەناکاو پەستانی خوێنی بەرزدەبێتەوە و مانەوەی لە گۆشەگیریدا دۆخی تەندروستیی خراپتر دەکات و تاکە داوای ئەوە بوو، کە لە زیندانی جۆری ئێس بگوێزرێتەوە بۆ زیندانێکی جیاواز. ئەگەریش ئەوە ناکەن با کەسێکی تر لە ژوورەکەیدا بێت و تەنها نەبێت.

یڵدز ڕاشیگەیاند، دۆخی چەندین زیندانیی نەخۆش هاوشێوەی خوشکەکەیەتی و بەهۆی ڕاپۆرتی "دەتوانێت لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە"، کە لەلایەن دەزگای پزیشکی دادەوە ئامادە کراوە، ئەو کەسانە لە زینداندا رادەگرن، هۆکارەکەشی ئەوەیە لە دۆخی سەخت و تەنهایی و نەخۆشیدا رایاندەگرن تاوەکو گیان لە دەست بدەن.

یڵدز ئەوەشی وت، لەو هەلومەرجەدا دۆخی تەندروستیی خوشکەکەی باشتر نابێت و دەبێت سزاکەی دوا بخرێت.

دایە یڵدز: با ئازادی بکەن، با ئێمە چاودێریی بکەین

خەدیجە یڵدز دایکی ڕوکەن یڵدز رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانێت سەردانی کچەکەی بکات و لەبەر ئەوەش زۆر نیگەرانە.

دایە یڵدز ڕاشیگەیاند، کچەکەی بە بێتاوانی دەستگیرکراوە، لەوێ تەندروستی تێکچووە و داوایکرد، کۆتایی بەو زوڵمە بهێنرێت.

دایە یڵدز وتیشی: "با کچەکەم ئازاد بکەن، ئەو نەخۆشە. ئێمە لە ماڵەوە چاودێریی دەکەین. هیچ تاوانێکی نییە و کەسی نەکوشتوە و دزیی نەکردووە" و داوای لە ڕای گشتی کرد پشتیوانییان لێ بکەن و دەنگیان بگەیەنن.

ژ.ت